ئەی نەوەی کورد
از کتاب:
دیوانی ئەسیری
اثر:
اسیری (1895-1962)
2 دقیقه
934 مشاهده
ئەی نەوەی کورد، ڕۆڵەی شیرین
بەسیە بێهۆشی و، خەوی سەنگین
لە دەمێکی نەهات و ڕۆژی ڕەشین
ئاهـ ئەکێشین و دڵ دەگوشین
دەردی دڵ هێندە زۆرە وا دەهەژین
بەرخۆری باخی ئێمەگەل لە خۆشین
ئەی نەوەی کورد ڕۆڵەی شیرین
بەسیە بێهۆشی و خەوی سەنگین
تێ بنۆڕین لە کاری خۆ، کوردان
گەل پەرێشان و نیشتمان وێران
گەورە و گچکە مات و سەرگەردان
بێکەس و بێ پەناو دڵ بوریان
ئەی نەوەی کورد ڕۆڵەی شیرین
بەسیە بێهۆشی و خەوی سەنگین
تێ بنۆڕین لە میللەتانی دی
چۆن دەژین سەربەخۆ لە ڕووی زەوی
خێوی سەرباز و دەوڵەتانی قەوی
بێجگە لە کورد کێ لە پاش و خوار و نەوی
ئەی نەوەی کورد ڕۆڵەی شیرین
بەسیە بێهۆشی و خەوی سەنگین
ئەی کەسی بێکەس و پەنای هەژار
بەزەییت بێ بەکورد خوا هاوار
وا وەڕس بووین لە گیان لەلەش بێزار
مووچەمان ئاخوداخ و دەرد و ئازار
ئەی نەوەی کورد ڕۆڵەی شیرین
بەسیە بێهۆشی و خەوی سەنگین
گەل نەماوە کەشەنگ و وڕ ئێستا
گشتی وریا بووە و لەخەو هەستا
خۆی لەجێی ڕاوەشان و ڕاوەستا
سەربەخۆ و ڕێک ئەژین هەموو ئێستا
ئەی نەوەی کورد ڕۆڵەی شیرین
بەسیە بێهۆشی و خەوی سەنگین
دەوڵەمەنمان خەریکی خۆراکە
لاتمان گیانی تیا نییە و لاکە
سەروەری گەل، ئەسیریتخلص بێباکە
پۆلی زانایە، دەردی هەر خاکە
ئەی نەوەی کورد ڕۆڵەی شیرین
بەسیە بێهۆشی و خەوی سەنگین