جانا لە غەمت والە وو حەیرانە دڵی من
از کتاب:
دیوانی سافی هیرانی
اثر:
صافی هیرانی (1873-1942)
2 دقیقه
1998 مشاهده
جانا لە غەمت والە وو حەیرانە دڵی من
سەرگەشتە وەکوو وەحشی لە کێوانە دڵی من
دایم لە دەر و دەشت و بیابانە دڵی من
موشتاقی ویساڵی ڕوخی جانانە دڵی من
مەعلوومە سیای پەرچەمە وا بەختی سیا کرد
زینناری دوو زولفە کە لە دینی تەوەلا کرد
لۆمەی مەکە گەر ڕوویی لە تاقی کلیسا کرد
بۆ ڕەسمی وەفا شێوەیی سەنعانە دڵی من
ئاسوودە و فارغ نەبوو ئەسڵا لە غەمی تۆ
قەت حەرفی وەفای جارێ نەزانی لە دەمی تۆ
چونکی سەری خۆی ناوەتە ژێری قەدەمی تۆ
بۆیە وەکوو زولفی تۆ پەڕێشانە دڵی من
پەروانە سفەت کەوتووە سووتاوی چراغە
وەک لالە لە عەشقی تۆ دەروونی هەموو داغە
موددێکە لە هیجرانی تۆ بێمار و نەساغە
بۆیە هەموو دەم تالبی لوقمانە دڵی من
بۆ غارەتی مڵکی دڵی عوشاقە دیارە
تابووری غەمی کۆیە زیاتر لە هەزارە
تەسلیمی قەزا لازمە یاران نییە چارە
چونکی لەسەر ئەم جەمعە قوماندانە دڵی من
دڵ کەوتە خەیاڵات لەبەر غونچەیی لێوی
وەک نوقتەیی مەوهوومە ئەگەر بێ نەبزێوی
بەو فکرە لە باغی سەمەن و سونبول و سێوی
وەک بولبولی بێچارە غەزەلخوانە دڵی من
عەبدێکی وەفادار و جەفاکێشە لە هیجران
وا کەوتووە وەک سافیتخلص لە دەرگانەیی گەیلان
بەم دەردی سەرە کوشتنی لازم نییە قوربان
لەم جێژنەیی قوربانە کە قوربانە دڵی من