موددێکە لە هیجرانی تۆ شێوایە دڵی من

از کتاب:
دیوانی سافی هیرانی
اثر:
صافی هیرانی (1873-1942)
 2 دقیقه  2074 مشاهده
موددێکە لە هیجرانی تۆ شێوایە دڵی من
سەرگەشتە وو بێچارە وو ڕیسوایە دڵی من
پەیوەستە لە کێوان و لە سەحرایە دڵی من
مەجنوون سیفەتە مائیلی لەیلایە دڵی من
ئەم وەحشییە ئەسڵا کە لە بۆ ئێمە نەبوو ڕام
هەرچەندە سەعی و کۆشش ئەکەم نایەتە نێو دام
ئایا لە سەر ئەم شۆڕشەیە چی ئەبێ ئەنجام
ئاساری کە لەم وەحشەتە پەیدایە دڵی من
سەوداسەر و دێوانە وو حەیرانە هەموو دەم
بۆ یار بۆ ئەغیار شەریکە لە هەموو غەم
فارغ نەبوو یەک لەحزە ئەگەر زۆر و ئەگەر کەم
ئاشوفتە وو پڕ شۆڕش و غەوغایە دڵی من
دائیم لە غەمی عەشقی تۆ وا خانە خەرابە
بەو ئاوری دووریتە کە وا سینە کەبابە
بێعارە مەگەر بۆیە کە ئازاری سەوابە
بەدبەختی نەبێ چی لە چ دامایە دڵی من
بەو زولفە ئەسیری مەکە دێوانەیی تۆیە
مەسجوونی مەکە خادمی دەرگانەیی تۆیە
مەفتوونی جەمالی تووە پەروانەیی تۆیە
موشتاقی قەد و قامەتی ڕەعنایە دڵی من
دووری لە وەتەن دەربەدەری یار و دیارە
بێ موونس و بێ یاوەر و بێزار و نەزارە
بیمار و بریندار و جەفاکێش و هەژارە
بێچارەیە وا ڕوویی لە مەولایە دڵی من
بێ ڕەحم و وەفایی بەسە ئەی یاری وەفادار
شەیدایی هەوایی تووە ئەو سافیتخلصیی بێچار
پابەندی دووسەد غەم بووە لەو لۆمەیی ئەغیار
جێی چارەسەری دەرگەیی بەغدایە دڵی من