١٣
خۆگۆڕینی تاژدین و مەم لە بەرگی کیژاندا
از کتاب:
وەرگێڕانی مەم و زین
اثر:
هژار (1921-1991)
1 دقیقه
945 مشاهده
پڕشنگی چرای لە گومبەزی شین
کردی دەمێ خاکەلێوە ڕەنگین
ڕێوشوێنی گەلێک لەمێژ و زوو بوو
حەوڕۆژەیی جێژنە بۆ پشوو بوو
هەر ڕێگە درا بە کیژ و لاوان
دانێکی نەمان لە ماڵی باوان
کچ دەچوە دەرێ دڵێکی ببڕێ
کوڕ دەچوە بەرێ گوڵێکی بکڕێ
تاژدین و مەم ئەو دوو شێردڕانە
پۆشیان شمەک و جلی کچانە
هەوری لە ملان بە ئۆیە دەسماڵ
تافتە کوڵەجە کراس و لێوئاڵ
کاکۆڵ بوو ببوو بە بسک و پەرچەم
هەر دوو کچی قۆز ئەگەر ببا مەم!
هەربۆیە بوو کەس ئەوان نەناسێ
باش گوێ دەنە بەزم و دەنگ و باسێ
بیانهێڵە بە بەرگی نازەنینان
با بچینەوە لای ستێ و زینان