ئازارشکێن
از کتاب:
دیوانی محەمەد ساڵح دیلان
اثر:
محمدصالح دیلان (1927-1990)
1 دقیقه
3199 مشاهده
ئای چەند خۆشە بە ئاستەمێ گوێم لێیە
ئا ئەم دەنگە دەنگی دڵە هی کێیە
ڕێگا چۆڵ کەن، ئازارشکێنی پێیە
دوو ئاوانەی تاڤگەی زەڵمە یا زێیە
ئەی چارەسەر ئەی مەتورفەی ئاسمانی
تۆ ئەم چارەت لە کوێوە بۆ من هانی
تۆ خەیاڵی یا هەناسەی یەزدانی
وا لەپ نەرمی لۆکەی برینی گیانی
ئەی لێوتەنک، ئەی پرچ ڕەشەڕەیخانە
چی تۆی هێنا بۆ سرەوتی ئەم گیانە
کێ پێ وتی سنگ بریندار دیلانە
وەرە پێشێ وادەی ئاخ هەڵکێشانە
وەرە پێشێ بەرامبەرم ڕاوەستە
لێت ئەپرسم یەک دوو وشەم مەبەستە
تۆ بۆ دڵت لەگەڵ ئازار پەیوەستە
بەزەیییە، ڕێزگرتنە، یا هەستە؟
پەیمان بێ لەگەڵ فرمێسکی چاوا
لەگەڵ پرچی ئاڵۆسکاوی تاوتاوا
هەتا شێوەی ئێش بمێنێ لە ناوا
شەرتە نەڵێم، هەرگیز نەڵێم ماڵئاوا
شکۆفەی ژینی عومرم نەوبەهار بوو
وەکوو پشکۆ لە شەوگارا دیار بوو
تەمەن کورتە وەکوو کورتی گوڵاڵە
لە لێو ئەڕژا بەخوڕ ئەو خوێنە ئاڵە
لە کوێن خوشکان ئێوەن دەشتی ژینم
دەبا سکتان بنێنە جێ سەرینم
بە کۆمەڵ لێو بنێنە سەر هەناسەم
ئێوەن کردەم و ئەنجام و هەناسەم