ئازار شکێن
لە کتێبی:
دیوانی محەمەد ساڵح دیلان
بەرهەمی:
محەمەد ساڵح دیلان (1927-1990)
1 خولەک
2980 بینین
ئای چەند خۆشە بە ئاستەمێ گوێم لێیە
ئا ئەم دەنگە دەنگی دڵە هی کێیە
ڕێگا چۆڵکەن، ئازار شکێنی پێیە
دوو ئاوانەی تاڤگەی زەڵمە یا زێیە
ئەی چارەسەر ئەی مەتورفەی ئاسمانی
تۆ ئەم چارەت لە کوێوە بۆمن هانی
تۆ خەیاڵی یا هەناسەی یەزدانی
وا لەپ نەرمی لۆکەی برینی گیانی
ئەی لێو تەنک، ئەی پرچ ڕەشەڕەیخانە
چی تۆی هێنا بۆ سرەوتی ئەم گیانە
کێ پێ وتی سنگ بریندار دیلانە
وەرە پێشێ وادەی ئاخ هەڵکێشانە
وەرە پێشێ بەرامبەرم ڕاوەستە
لێت ئەپرسم یەک دوو وشەم مەبەستە
تۆ بۆ دڵت لەگەڵ ئازار پەیوەستە
بەزەییە، ڕێزگرتنە، یا هەستە؟
پەیمان بێ لەگەڵ فرمێسکی چاوا
لەگەڵ پرچی ئاڵۆسکاوی تاوتاوا
هەتا شێوەی ئێش بمێنێ لە ناوا
شەرتە نەڵێم، هەرگیز نەڵێم ماڵئاوا
شکۆفەی ژینی عومرم نەوبەهار بوو
وەکو پشکۆ لە شەوگارا دیاربوو
تەمەن کورتە وەکو کورتی گوڵاڵە
لە لێو ئەڕژا بەخوڕ ئەو خوێنە ئاڵە
لە کوێن خوشکان ئێوەن دەشتی ژینم
دەبا سکتان بنێنە جێ سەرینم
بە کۆمەڵ لێو بنێنە سەر هەناسەم
ئێوەن کردەم و ئەنجام و هەناسەم