سێبەری پەرت

لە کتێبی:
دیوانی محەمەد ساڵح دیلان
بەرهەمی:
محەمەد ساڵح دیلان (1927-1990)
 3 خولەک  908 بینین
گڕەی چلەکەی ئیمساڵ گەرم بوو سکڵ باران بوو
بای باوەشێنی جاران نەرم بوو شنە هێنان بوو
سێبەری خەستی ئارەق فڕین بوو لەو شاخ و داخە
پشووی ژێر گەڵای گڕە بزێن بوو لەو دۆڵ و باخە
هاوین تەرمەکەی ئەبڕایە شوێنێ ورشەی گەڵا بوو
سوپای تەوژم کە خۆی ئەبینێ لەژێر چڵا بوو
لەکوێ هەڵاتن ئەبوو بە باری هەڕەتی گەرما
لەو ملە بەرزە نیشانەی ناوی ئەکرا بە بەرما
سێبەری بۆ دڵ و بۆ هەناسەیە کە خوێناوی بوو
بۆ ئاخ و ئەشکێ، مەیلێ، تاسەیەکە تەماوی بوو
لەکوێ دەست ئەکەوت لەکوێ ئەبینرا لەو سنوورانە
بە چەپک لەوێ ئۆخەی ئەچنرا لەو چنوورانە
ئاخ ملم، ئامان شەماڵ و شنە وادۆش داماوم
هاڕە هاژەیە، کامیت لەکنە بێنە بەرچاوم
تۆ پیرۆزەکەی شینی ئاسمانت پەشێوە گیانم
تۆ کەفچەرێنی ڕووە و دامانت فریای ئامانم
بکەوە بە سۆز یا بە شمشاڵی گڕەی دەروونم
لە گیان لە جەستە لە لەش داماڵێ شای چەند و چوونم
وەڵام کوا؟ وەڵام لە کوێیە؟ بەشەو یا بە تاریکی
کێ برین پێچی برینمی پێ یە؟ ڕێی بە تاریکی
هەردەیە، بەردە، جار چاڵ و چۆڵە جارێ هەورازە
ئەم دەستم پیرە ساوام لە کۆڵە ئاواتم ڕازە
کێ ئەگاتە پاڵ جەستەی شکستەم؟ لەم ڕێگا کووڕە
کێ لە گەڵمایە بۆم ئەڵێ بەستەم؟ لە مەرگ تووڕەم
کێ لایە لە گڕ یا لە دووکەڵێ؟ سووک ئەکاتەوە
ئامان ئامانێ بۆ چارەم ئەڵێ گیان بیباتەوە
کێ باوەش ئەکا بە سێ درنجا؟ بە شەوی باران
کێ دەر ئەکێشێ ستەم لە بنجا؟ وەک دێوی جاران
کێ فوویەکی قووڵ ئەکا بە سینگما؟ هەناسەم سوارە
کێ باڵێ ئەکا بە باڵ و چنگما؟ ساڵم نەبارە
کێ دەست ئەکاتە گەردنی چیام؟ ڕەش هەڵگەڕاوە
کێ دەم ئەخاتە کانیاوی سیام؟ وەی تێڕژاوە
کێ ئەگاتە پاڵ چاڵی ئاواتم؟ لەو وێرانەیە
هەست وەکو شاری چۆڵی نەهاتم شانە شانەیە
فریام کەوە ئەی ترووسکەی دووری بە ئاستەم دیار
بمگەیەنەرە گۆشە و سنووری خەیاڵی هەوار
بمگەیەنەرە لێواری چیای پێش خواردنەوە
بمبەرە لوتکەی سەرپۆپی سیای بەرزکردنەوە
با بڵێم هاوار بەروبوومەکەی دارم وەریوە
لەو ڕێچکە بەرزەت چلە شوومەکەی تێهەڵچەقیوە
ئیتر ئەی نووکی قەڵەمی ڕاستی دەستی تێکۆشان
نۆرەی ئێمەیە بەستە لە ئاستێ چووزەرەی ژیان
نۆرەی ئێمەیە بە کوردی دەنگێ دەنگ بداتەوە
خونچەیێ، گوڵێ ئاوازی زەنگێ خۆی بکاتەوە