فریشتە

لە کتێبی:
دیوانی محەمەد ساڵح دیلان
بەرهەمی:
محەمەد ساڵح دیلان (1927-1990)
 1 خولەک  998 بینین
ئەی فریشتەی ئەم شەوگارە درێژە
تۆ پێم ناڵێی کێ خەریکی نوێژە
ورتەیەک هات وتی کاکە لەمێژە
ئا ئەم کوردە بۆ ڕزگار بوون بوێژە
خۆ هەر تۆ نیت تۆ تەماشای دەوەن کە
سەختی چیا، بەستەڵەک و سەهەن کە
ئەو دڵانەی لەت لەتی ناو چەمەن کە
تۆ ژان و ئێش وەکو ئەوان پەسەند کە
خۆ تۆ لای خۆی بەستە بێژی ئازاری
بولبولێکی باڵ پێکراوی کەناری
هەر دەگەڕێ باخچەی گوڵی بەهاری
تۆ ئاوازی درێژی سەرچناری
تۆ دەنگخۆشی بنەڕەتی ئەم دەردەی
شاخ بڕووخێ تۆ لەم بناغە بەردەی
لەبن نایەی، تۆ سەرچاوەی ئەم هەردەی
تۆ سروودی نەسڕاوەی ئەم کوردەی
لێوی چیا سووک بنێرە سەر سنگت
گەڵای بەڕوو بگرە بە هەردوو چنگت
دڵۆپ دڵۆپ بگاتە خوێن ئاوڕەنگت
تێر بمژە دەمی هەڵاڵە و شەنگت