ئازار شکێن

لە کتێبی:
دیوانی محەمەد ساڵح دیلان
بەرهەمی:
محەمەد ساڵح دیلان (1927-1990)
 1 خولەک  1270 بینین
شەو درێژە درێژایی لەبن نایە
کێ شەبەقێ ئەخاتە ئەم دەرگایە
کەی ڕۆشنایی ئەگاتە ئا ئەم لایە
شەو درێژە، درێژی هەر چوار لایە
شەبەق دوورە، چی گڵۆپە بێ شەوقە
چاو بڕناکا، گلێنەش لەمن ئەوقە
چاو بڕناکا، گلێنەش لە من ئەوقە
ئاخ، هاتووچۆی سێبەری ڕەش بەزەوقە
بۆ کێ بەرم دەستی چمک ڕاکێشان؟
خۆ دیار نییە ڕێگای دووری کاکێشان
لە من ونە کۆڕی گەرمی دەروێشان
کۆڕەکەی من بوو بە کۆڕی دڵ ئێشان
سەرم گێژە، سەرینەکەم لاخوارە
ئەو بەرەوەم بە ئاستەمێ لێ دیارە
تەنیشتم کفت بە ورتەیە جار جارە
هەستم خوێنە، سووک خول ئەخوا ئەمجارە
مۆتەکەیەک لەسەر سنگم وەستاوە
هەناسەم قورس بە دوو چنگاڵ گیراوە
چنگێکی تیژ لەبەر بینم خراوە
ئاخ بۆ فوویەک بچێتە قوڕگ لەملاوە