شیوەن
لە کتێبی:
دیوانی محەمەد ساڵح دیلان
بەرهەمی:
محەمەد ساڵح دیلان (1927-1990)
1 خولەک
900 بینین
ئەو گوڵانەی دەشت و کێوانە بەرەو سامانی دڵ
ڕەنگی ئاڵی هەڵمژیوە سەر هەتا دامانی دڵ
ئەرخەوان سوورە، شەرابی کۆنی خوێنی چێشتووە
بۆیە یاقوتە هەموو بەردێکی گۆڕستانی دڵ
هێندە تفتە کامی لێوی نەوشکۆفەی خونچەیی
بۆیە سوێرە ئەشکی چاوی بێ پەیی گریانی دڵ
دەک نەمەکگیربی بەهار وەک ئەو گوڵت زوو هەڵوەران
خۆت لەبەر پێدا بنێژە کوشتنە دەرمانی دڵ
مەی مەزەی برژاوە، برژانە هەمیشە کاری ئەو
بۆ چڕووکی مەست ئەکا هەرگیز چزەی بۆرانی دڵ