شەپۆل

لە کتێبی:
دیوانی محەمەد ساڵح دیلان
بەرهەمی:
محەمەد ساڵح دیلان (1927-1990)
 2 خولەک  991 بینین
شەپۆل شەپۆل لەگەڵ دەریای ژیانا
هاتین ڕۆیین بە دوو توێی ئاسمانا
هەندێ خەیاڵ هەندێ ڕاستی و دروستی
گێژاومان کرد بست بە بستی دەریای هەستی
کە بێنە سەر ڕابردووی پڕ ئەشکەنجە
گرێی دڵە وەک برینی شێرپەنجە
گرێی چاوە تاکە تاکەی نیگاری
ئارام بەرە تاسەی وەکو بزماری
کام تاسەیان یادێکی با هەوایە
ژان هێنەرە وەک خۆی بۆ برین وایە
گوێزانێکە بۆ قەتماغەی زامانمان
دڕکی تیژە بۆ سەر هەتا دامانمان
لە بەهارا هەر کوێ ئەچووی زستان بوو
لە هاوینا چزە لە پێست هەستان بوو
کووچە نەما تییا نەگەڕێین پەتیارە
شەقام نەما نەی پشکنین بێ چارە
کوننەبەبوو ئاواز خوێنێ شەوگار بوو
فیرنەگولە بولبولی مێرغوزار بوو
قەلە ڕەشکە دەنگ نووساو بوو لە ڕاستمان
هەر توانج بوو وەڵامی هەست و خواستمان
دەرد و دوو بوو بەروبومی بێستانمان
هەر شەرا بووشنەی شەنگی کوێستانمان
هێرۆ زەرد بوو زۆر زەردتر بوو لە پاییز
سێبەڕۆی بوومام باپیر و مام باییز
ئەوا ئێستا وەرز رووە و بەهارە
چووزی نێرگس گەشاوەیە دیارە
بنارەکان سەوز و ڕووناک ئەنوێنن
چنارەکان زەرکەفت هەڵئەوەرێنن
ئەوا دیسان تەمەن لە نوێ نووسراوە
شەوی بەرات لە ئیمڕۆوە بە سراوە
مێرگ ئەگەڕێین لە نیسانا بێ خورپە
کویستان ئەکەین لە چلەدا بێ گورپە
دار ئەنێژین گوڵ ئەنێژین گوڵاڵە
کام ئەچێژین کامی هەنگوین هەڵاڵە