دەردی دڵ، دڵی سەوزم

لە کتێبی:
دیوانی محەمەد ساڵح دیلان
بەرهەمی:
محەمەد ساڵح دیلان (1927-1990)
 1 خولەک  2189 بینین
دەردی دڵ نووزە درێژێکە کە من دەیزانم
داستانێکی چ گێژێکە کە من دەیزانم
شۆری گڕ بادە و پەیمانە لە مێشک
سۆز و ئاوازی چ بوێژێکە کە من دەیزانم
توێخی ئەژنۆ چوون و ئانیشکی نزا
مەرج و پێویستی چ نوێژێکە کە من دەیزانم
کێ تەریکە لە دڵ و پشت لە دڵە
خاوەنی ڕستی چ کاوێژێکە کەمن دەیزانم
دڵی سەوزم لە زەردی تۆ دەلەرزێ
لە ساردی تۆ گەرم بۆ تۆ دەلەرزێ
لە دووریتا وەکو ئاهوویی گیراو
لەناو داوا بەهۆ و بێ هۆ دەلەرزێ
لەبەر دەمتا لە کاتی تێپەڕینا
وەکو مووێک نزیک پشکۆ دەلەرزێ
وەکو ئەو ئێوارەیەی مانگ کەوتە خوارێ
وەکو پەردەی دەمی ئاسۆ دەلەرزێ
دڵم خوێنە گوڵە ئەندام و جەستەت
بە خوێنی دڵ وەکو شەوبۆ دەلەرزێ