وەرزی تازە

از کتاب:
دیوانی محەمەد ساڵح دیلان
اثر:
محمدصالح دیلان (1927-1990)
 3 دقیقه  931 مشاهده
«ڕێی بای وەرزی تازە»
بۆ وەرزی تازە گەردی سوور گرتوو
نەورۆز نێرگسی ئەکرد بە سووتوو
ئەیڕژاند بەسەر چرۆی تازەدا
ئەیوەران بەسەر ئەم ڕێبازەدا
لە خوێنی زەردی لوتکەی ئێواران
ئەرخەوان توێژی جەرگی ئەباران
ساڵان... رێحانە کێویلەی سەیوان
هەر خۆی ئیکلیل بوو لەوێ و لە کێوان
خونچە کراوە... بۆ خوڕی فرمێسک
سک سووتا و سوێری ئەگەیانە ئێسک
بۆ مژی تاڵی شیلەی هەڵاڵە
هەنگ پێکا ئەهات لەسەر گوڵاڵە
هەنگوین لە تفتی ئەهاتە بەرهەم
خۆشی لە ئازار ئەبوو.. بە سەرجەم
 
«پێویستییەکانی وەرزی تازە»
تا... نەسوتایە پاوەن بە پاییز
بەهار کەما و لۆی نەبوو مام بایز
تا نەبڕایە پەلکی ڕەز و مێو
تەرزی نوێی نەبوو باخووسی ناو کێو
تا نەگریایە فریشتەی زستان
پێکەنین نەبوو، بۆ کۆرپەی بێستان
تا چەخماخەی خوێن نەیدایە لە هەرد
لەیلاخ بێ دەماخ، چارە کز و زەرد
سەوزەی دیاران... وەک شەو بێداران
بێ دڵۆپ وەکو ساڵی بێ باران
جووڵە ئەمەیی ئاوازە ئەیبەست
مەل جێگە چینەی لێ ئەچووە بەست
ئەگەر لەشکری کڕێوەی چلە
نە ئاڵایەتە دەم باسک و ملە
 
«نەخۆشییەکانی وەرزی تازە»
سرووشتی زوربە... سەخت بە زستانا
بە هاوین شەرا و داخ بەدەستانان
چێژی شیرینی بە گەرمی چێشتوو
بۆ تاڵی نۆشین و بەسەد دەم تینوو
بۆ دوو ڕوانین بەو سەری دووربین
کۆسپی قووچ و زل بە بچوک بینین
بۆ شەقاوی ڕێک بەردەم لێتەنین
سزا بارکردن تاوان هەڵچنین
چاوەڕێی نووچێ بۆ هەڵەنگووتن
لە جێی ژێرباڵ و چوون چەپۆک هاویشتن
لە هەچ گەروویە هەڵسێ هاوارێ
بۆ تاساندنی گورج و پلامارێ
ئەی وەرزی تازەی چارە خوێناوی
تا کەی لە ڕاستی گوێ ئاخنراوی؟
 
«هەنگاوەکانی وەرزی تازە»
ئەی وەرزی تازە... تازە هەنگاوی
دڕکاوی ئەنێ بۆ ناو پەنگاوی
دوور و درێژی ڕێگەی تێکۆشان
وەچەی نەمردووی کاوەی قارەمان
چاوی ژێر نێزەی ئەو دیو کەلیخان
ژینی ئەم دیوە بێ بە چراخان
گیانی تامەزۆری شەکراو و شەکر
چاوەڕێی جامە لە دیاربەکر
چەند دەس لە مل بین کارمان بە پێزە
ئەوەندە لەو دیو بەهار ئامێزە
بۆ بارگەی تازە مێشک تێشووە
بۆ شەرابەکەی خوێن لە هێشووە
ئەی نەتەوەکەی نەبەردی کوردم
بۆ ئەم مەبەستە خۆم یەکەم پردم