تاوان
از کتاب:
دیوانی محەمەد ساڵح دیلان
اثر:
محمدصالح دیلان (1927-1990)
3 دقیقه
1005 مشاهده
تاوان مەردی و تاوان باری ئاسانە
زۆر کردنی مایەی پایەی گرانە
کام سەر بەرز و کام مل ڕاست و بڵندە
بە یەک مشت نەوی کردنی بەندە
چەن دەسپاکبێ، چەندەی تر دڵ خاوێن بێ
پارە ناکا ئەبێ دەستەوداوێن بێ
بۆ ئەو کەسەی لە پشتەوە ئەتپێکێ
لە چاوی ئەو ئەبێ هەڵبدەی پێکێ
بە ڕۆیینی بۆ پاشەوەی سوێندخۆر بێ
چەپڵەکوتی ساختە کەری سەد جۆر بێ
ئەبێ بە دز بە خواوەندی فێڵبازی
بڵێی گەورەم. هۆی سەربەرزی و شانازی
کام جێ بۆگەن کامی هێجگار ناخۆشە
ئەبێ بڵێی بەە بەە لەم بۆنە خۆشە
ئەبێ بە ڕۆژ کە چەن ڕووناک و پاکە
بڵێی شەو زۆر تاریک و سامناکە
تاوان بەرزی و تاوانبار نرخدارە
مایە یەک و دەستکەوتنی هەزارە
ئەی نازەنین ئەی دوور لە دووی ئەم شارە
ساڵ لەگەڵ ساڵ هەر خۆزگەم بە پێرارە
بۆ ڕابردوو، لە کاتێکا بەهار بوو
جێی زەماوەن کارێزی بەربنار بوو
نازدارەکان جەستە بە وێنەی هەردە
ڕازاوە بوو وەک گوڵی ئەو لای بەردە
بۆ نازداری ڕوخساری شەنگی ئەوان
سووراوی کاڵ ئەڕژایە دەم ئەرخەوان
هەنگ هەڵئەفڕێ بۆ هێنانی هەڵاڵە
بۆ هەنگوینی سەر لێوی وەک گوڵاڵە
دەنگی بلوێر، سۆزی بەستەی دڵدار
خەمڕەوێن بوو بۆ شەوگاری بێداری
زێڕی نێرگس بە خەروار هەڵڕژاو بوو
چەپکی بۆ سەر، تەلی لە سنگ درابوو
لووتکەی بەرزی مەشخەڵی گڕ لە مستا
چراخان بوو بۆ ئاهەنگی ئاوێستا
ئاسمانی شەو پڕ چریکەی یەزدانی
خواکردە بوو نەورۆزی نیشتمانی
ئەی نازەنین ئەم ووڵاتە شیرینە
ئەم شاخانە، ئەم دیمەنە ڕەنگینە
جاری جاران مەڵبەنی جوامێری بوو
پڕ لە فڕکە بازرەقەی شێری بوو
کەچی ئیستا هەموو شتێ گۆڕاوە
ڕەش و سپی لە جێی یەک دانراوە
گوڵ بۆ ئاگر خونچە بۆ ناو توونخانە
دڕکوداڵیان هێناوەتە ئینجانە
هێجگار سەیرە خۆم سەیر تر شێواوم
لەش بۆ نەهەنگ کەشتی بۆ ناو گەرداوە
ئەی نازەنین هەر دوو بەرگ خوێناوین
هەر دوو بە کوڵ بۆ ئەم کوردە گریاوین
گریانێکی لە داخانا.. نەک ترسان
لە بێگانە، بۆ دوژمنی لە خۆمان
بۆ ئازاری جەرگبڕ و بۆ ئێشێ
دار پوازی لە خۆی نەبێ ناقڵیشێ
بۆ.. وەکو کەو لەسای دەوەن بە خوێندن
هاو تیرەمان ڕابکێشین بۆ مردن
ئای کە نەنگە ئای کە ئابڕو تکانە
کە گەورەیە ئەنجامی ئەم تاوانە