پەلکە زێڕینە
از کتاب:
دیوانی محەمەد ساڵح دیلان
اثر:
محمدصالح دیلان (1927-1990)
1 دقیقه
1182 مشاهده
بەهار.. بێ ئاو.. بێ بارانی نیسانە
شەونم زادەی قووڵی پڕمەی گریانە
وەنەوشەی شین بەرگی شینی پۆشیوە
نێرگسی خشڵی زەردی خەمی کڕیوە
سەرچاوەکان بێ هاڕەن و بێ هاژەن
پۆلی مەلان بێ جیوە جیو بێ قاژەن
زۆر دەمێکە برۆی پەلکە زێڕینە
شاردراوەی پەچەی تەمی دێرینە
چرۆی درەخت گرژ و لێو هەڵقورتاون
ساڵ درەنگە و لە پێکەنین تۆراون
بەهار زویرە پاییز ئاسایی چارە
وەکو جوانێ نەخۆشکەوێ دیارە
ئەی شەپۆلی خەلەی قوتابخانەی ئەم
ئەم سەردەمەی لێوا و لێوی پیاڵەی خەم
سەرنجی هۆ بە ئێوەوە بەستراوە
هۆی باوکەکان لە گەردنتان نراوە
ئێوەش لەبەر گەشەی بەهاری ژاکاو
لەبەر دەنگی تاڤگەی قەڵبەزی نووساو
لەبەر جوانی ڕوخساری ئەم وڵاتە
کە بووکێکی نەمری ڕۆژهەڵاتە
دەیخوێنن با بە خوێندن بە فێربوون
با بەهونەر بەتێگەیین لە گەردوزون
هۆی دەرد و دووی بەهاری پێ دیارکەین
سەیرانەکەی بەهارەکەی جار جار کەین