گوڵی سارای خواروو

از کتاب:
دیوانی محەمەد ساڵح دیلان
اثر:
محمدصالح دیلان (1927-1990)
 2 دقیقه  932 مشاهده
گوڵە شینەکەی لاسک کورت و سەوز
بای نەرمی دەشتی کاکی بە کاکی
ڕات ئەژەنێت و پێت ئەدا ونەوز
ئەزانی وێڵ و تاریک و تاکی
***
چی گەیانێتیە ئەم مەرز و بوومە؟!
چۆن ڕوای کام بای سەر و هێناتی؟!
یا وەک دەمێکە و من زوو وتوومە
کە تۆش پەروازەی دەستی خەباتی..!
***
تۆ وتت نابێ ڕێی گەشانەوەم
پەل هاوێشتن و بریقەی دوورم
ڕێی لێ بگیری و جێی حەسانەوەم
گردۆلکەکانە و هەردەی ڕەنگینم
***
وتت بۆ من و هەڵاڵەی لێوم
بۆ هەنگە زەردەی ڕێگای دوور بڕە
بۆنی بڵاو و پەخشانی کێوم
بۆ ئەو دڵەیە لە ئاوات پڕە
***
بمدا لە یەخەی دوای فەرمانی سەخت
سۆز و هەنسک و ناڵێنی شمشاڵ
ڕامان وەشێنێ و کەیلی بکەین بەخت
ڕیشەی سزامان دەرکێشێ تاڵ تاڵ
***
نەک دەسکەنەم کەن بمخەنە گوڵدان
بمبەنە بەردەم بتانی ستەم
بمخەنە ژووری کڕنووش و وەستان
شەماڵ و هەتاو نەبینم بە چەم
***
لە جیاتی دەنگی لوولک و بەستە
تەدبیر کردنی زنجیر کردن بێ
چرپەی چۆنیەتی ئازاری جەستە
مۆسیقای شەوی بەسەر بردن بێ..!
***
تۆ ئەوێت نەویست ڕەشەبای قایم
تۆی فڕانی بۆ ئەم پەڕی دوور
بۆ ئەو جێگایەی هەمیشە و دایم
پڕ لە لوورەیە و لە نینۆکی سوور
***
بەڵێ.. وەکوو تۆ منی ئاوارە
ویستم بخوێنم چۆن دڵم ئەڵێ
خوێندم، ڕووم کردە ئەو شەوقەی دیارە
کە وا خەریکە ئاشکرا هەڵێ
***
خوێندم چۆن دڵم بۆی نۆتە کردم
ئەشخوێنم هەتا جووڵەم تێدا بێ
سەرێ بوو سەد جار هێنام و بردم
ڕزگاری ئەبێ بە خوێن پەیدا بێ