هاوینی دڵ

از کتاب:
دیوانی محەمەد ساڵح دیلان
اثر:
محمدصالح دیلان (1927-1990)
 1 دقیقه  1136 مشاهده
گڕەی پەژارەی دووری دیدارت
قرچەی هەلێنا پێستی ئارامم
گەردی سەر گوڵی ونی ڕوخسارت
شێوانی وێنەی تان و پۆی فامم
شەرای بێ وادەی تاسەی ڕەنجووری
سووتانی... تەرز و گوڵی ئامانم
قرچەی نیوەڕۆی هیجرانی دووری
پەڕ و پۆی ئۆقرەی هەڵچرووزانم
گێژلووکەکەی دەم ملە ماتەم
بردی بەیداخی جۆشی دەماخم
تەمی ئێوارێی گوێی کێوانی خەم
دابپۆشێ گردی بناری ئاخم
هات گەردەلوول دەشتی مەینەتی
قڕانی ڕێزە و پەترۆی خەیاڵم
ڕەشەبای چلەی تووشی و نەگبەتی
وەرانی میوەی ئاواتی کاڵم...
دەی گەلاوێژی بە یەک گەیشتن
کەی ئەکەوێتە باوەشی داخم
کەی لێو تەڕ ئەبێ بە ئاخ هەڵڕشتن
کەی تەزووی ئۆخەی ئەگا بە ناخم