سروودی من
از کتاب:
دیوانی محەمەد ساڵح دیلان
اثر:
محمدصالح دیلان (1927-1990)
1 دقیقه
1100 مشاهده
کوێستان تارای شۆی بەسەر داداوە
خشڵی گەردنی (مای زەرد و کاوە)
شەماڵ لە ترسی شنەی نسێی سەخت
پەنای بۆ باسک و دەشت هێناوە
پەڵەی گوڵاڵە لە ترسی چنوور
ناو جەرگی سووتاو ڕەش هەڵگەڕاوە
ئای.. جەستەی ئاڵتوون، کەژاڵ چاوانی
نێرگس خەیمەگای زێڕی هەڵداوە
***
چوون بووکی شاخە جریوەی شمشاڵ
شاباشی شایی هاژەی چەماوە
بەزم قەتارەی قوڵنگ و قازە
(مەی) تریفەیە (جام) مەنگی ئاوە
ئاوێنە بەردە (جوان) گردەکانە
(پرچ) تارای گوڵە (شانە) شەقاوە
لەسەر چنار ناز، لە زەڵم سازێ
لە قۆپی ڕازێ بەهەشت ڕازاوە
شیرین.. شیرینی خاکی کوردستان
هەر بۆ پەرەستن دروست کراوە