هەورەکە دایڕێژە
از کتاب:
دیوانی محەمەد ساڵح دیلان
اثر:
محمدصالح دیلان (1927-1990)
2 دقیقه
1820 مشاهده
هەورەکە دایڕێژە، سا، شەستی بارانت
با، بیبا، سەیلانت، دێهات و شارانم
با گڕی تریشقەت، چەخماخەت، برووسکەت
گیان بکا بە خەڵووز.. نەیهێڵێ تروسکەت
***
با، ڕەشیت، تووڕەییت، با شێوەی ئاڵۆزت
ونی کا ئاوازی هێلانەی بەسۆزم
با لێزمەی بەخوڕت یا تاوت یا ترزەت
بیکوتێ، بیشکێنێ، قەڵەم کا بە تەرزم
***
با تەمی سەر لووتکە و سەر شاخی زۆر تاڵت
دایپۆشێ دیمەنی نزاری خاڵ خاڵم
هەورەکە دایڕێژە سا شەستی بارانت
با بیبا سەیلانت دێهات و شارانم
***
هەورەکە چۆک دادە و تەپونم داڕێژە
چین چینی شەست پەڕ وەنەوشە دابێژە
(پەیمانە) ی سەردەستی گوڵاڵە بڕێژە
تۆش، (قوڕاو) لە چاڵ و لە چۆڵا بنێژە
با دەعبای خزاوی بنمیچ و لە کون چوو
تۆقیوی ڕۆشنایی، ملکەچ و گیان مردوو
چاو کوێری گەشەی گوڵ، هەڵاتووی بریقە
ڕەفیقی هەنسک و سەر شۆڕی تریقە
***
ئەوانەی کە تۆ هۆی بۆ گشتی ئاسمانیان
بۆ خشپە و بۆ چرپە و بۆ گۆشەی ئامانیان
دەرکەوتن (تۆ) بەری ڕۆژت وا لێ گرتوون
تۆ هێز و توانای فڕینت بۆ بردوون
بەڵام تۆ هەورەکە، لە یەک دە و تاریک کە
دەرزوولەی ڕووناکیم زۆرتریش باریک کە
هەر کاتێ هەڵیکرد بای بە هێز، بای لە پڕ
بە سنگی ئەستوورت بە جۆرێ ئەدا دڕ
هەر پەڵەت، هەر پارچەت، وا ئەبا بۆ شوێنێ!
نە دەنگت نە ڕەنگت شێوەشی نەمێنێ
***
ئەی هەوری داگیرکەر تۆزێ بۆم ڕاوەستە
کەمەری تاریکیت باشتریش ببەستە
هەر کاتێ هەڵیکرد بای تۆڵەی گەلی من
تۆ خۆت و دەعباکان جێ نابێ تێ بچن