پاییز

از کتاب:
دیوانی محەمەد ساڵح دیلان
اثر:
محمدصالح دیلان (1927-1990)
 2 دقیقه  2216 مشاهده
پاییز بوەرێ گەڵای درەختت
زستان، با بێنێ وەیشوومەی سەختت
خەزان، با زەرد بێ دەشت و چیا و کێو
بەفر دایپۆشە هەوراز و نشێو
ڕەهێڵە ڕایدە پووشی پەنا چاڵ
بای وەشت، بیشکێنە نەمامی ناوماڵ
دووکەڵ زەردیکە ژوور و قوژبنان
دایپۆشە چارەی جگەر کون کونان!
پەپوو، ڕۆژتە بخوێنە بە گەرم
سەرما و سۆڵەیە لە کەس نەکەی شەرم
بەڵام با بیبەی ڕازی داستانی
یەتە پێش چاوت ناو و نیشانی
تا پاییز تارای زەردی نەپۆشێ
زستان وەیشوومەی سەختی نەجۆشێ
وشک نەبێ پووشی دەشت و چیا و چۆڵ
نەیگرێ بەفر لووتکە و شێو و دۆڵ
لافاو و باران نەیماڵێ زەوی
بای دەشتیش نەیبا پەرژینی قەوی
لرقە و چۆقەی دان نەگاتە ئاسمان
پەپوو نەخوێنێ لە پۆپی داران
چۆن ڕۆژی بەهار ئەدا گزنگی؟
..............
چۆن نێرگس چین چین، خاو ئامێزان
نازداران پۆل پۆل گوڵاڵە ڕێزان!
ئەدەن بە یەکدا دەست لە ناو دەستا
لەگەڵ گوڵاڵەی سووری چاو مەستا
چۆن یەتەوە قوڵ سەر چاوەی بنار؟
گیای ناو ئاو ورد ورد ئەخاتە کەنار!
چۆن یەتە چرۆ درەختی باخان
یەتە بریقە نزاری شاخان