سنەوبەری هەمیشە سەوز

بە بۆنەی جەژنی مەولوودی پێغەمبەر
از کتاب:
قەڵای ڕاز
اثر:
ژیلا حسینی (1964-1996)
 2 دقیقه  956 مشاهده
(ئەمە زریانی بیرەکان
یان هەڵمەتی ڕەشەبایە
کە خۆی ئەکا بەنێو قژما
لە هۆڵی کاسەسەریشما
سەرزەمینێ دروست ئەکا
کیشوەری ئەستێرەکان بێ
زەماوەندی مانگ و خۆری تیا بگێڕین.)
 
::دوێنێ شەو خەوم ئەبینی
سەرم سەرزەمینی ئەستێرەیە و
زەماوەندی مانگ و خۆری تیا ئەگێڕن
تۆش قەراڵی تاهەتایی
ئەم وڵاتە بەرینە بوویت
لەسەر هەوری وەنەوشەیی
پاڵت بە کۆڵەکەی تیشکەوە دابوو.
هەرجارەیان فریشتەیەک
سەرچۆپی لەوی تر ئەسەند
شاباشی خۆشەویستی بوو
بەسەر عەرزا دائەباری و
گوڵاڵەی سۆز لێی شین ئەبوو
بەرماڵەکەی باوکم لەسەر هەورێ سپی
ڕاخرابوو
ئەو نوێژی خۆشەویستیی تۆی دائەبەست و
ئاسمان نم نم
گوڵاوپرژێنی کاکۆڵی لوولی ئەکرد
منیش لەژێر سنەوبەری
دڵنیایی و لەدایکبوونێکی تر دا
ئاوێتەی تەمێ سەوز ئەبووم
ئەی سێبەرە سەوزەکەی نێو خەونەکانم
ئەمجارەشیان تاسەی دووریت
ئەمباتەوە نێو باوەشی
سیروانی سەر لێشێواوی و
ئاڵۆزاویی ڕۆژانێکی
سەرشۆڕ، ملکەچ
ئەمجارەشیان
کە تارماییت کاڵ وکاڵتر ئەبێتەوە
دایکم ئەبێت بە پەیکەرەی پیرۆزی خەم
لە مەیدانی شارەکەمان
گۆرانیی تەنیاییی خۆی و
شەوانی بێئەستێرەییی من ئەخوێنێت
لە باوەشی خولیاکانا
ئەیناسمەوە
زەیسانێکە لەرزۆک....تەنیا
بە کۆڵانێ تەسک و تاریکا ڕائەکات
منی لەژێر چارشێوێکا داپۆشیوە
بۆنی شێعری تازەی لێ دێ و
لە سێبەری خۆی سڵ ئەکات
وەکوو ئەڵێ
ئەو شەوەی من لەدایک بووم
ئاسمان سوور بوو
بۆن و بەرامەی تاوان و
زریکەی کچان
سنگی خاکی ڕائەتەکان
لەو شەوەوە
باڵات کردە قەڵغانی
ئەم نەهامەتە و
لەنێو تەمە سەوزەکەتا
باڵا ئەکەم
هەتا ئێستا
ڕۆژی سەد جار
شەوی سەد جار
ئەکەومە بەر پەلاماری
تاریکایی و
زرمەی پۆستاڵ
ئەسووتێم و....ئەژیێمەوە.
دە بێرەوە
تاسەی گەشتی
ژێر سێبەری خەونەکانت
پەنجەی شێعری من ئەگووشێت.
دە بێرەوە
با لە ئاهەنگی
ئەمجارەی لەدایکبوونتا
سەرچۆپیکێش
شێعرێکی سەرشێتانەم بێ.
چۆپی بە دەس فریشتەکانەوە نەدات
قۆڵ لە قۆڵی گەردەلوولا
سەما بکات.