کاتژمێر

از کتاب:
قەڵای ڕاز
اثر:
ژیلا حسینی (1964-1996)
 1 دقیقه  812 مشاهده
ئێوارانە کۆترێک دێ
بەدەور سەرتا ئەخولێتەوە و
بە گمەگم هەواڵی منت بۆ دێنێ
سەر هەڵئەبڕی
نیگاکانتان یەک ئەگرن و
ئەبێ بە پارچەیەکی گڕ
تا ئەگاتەوە ژوورەکەم
بە ئاسمانەوە ئەسووتێ و
پڕووزەکانی با ئەیبا
نازانم تۆ چیت بەسەر دێ
بڕوام نییە ئەو ئاگرەی لە نیگاتا نێڵە ئەکات
سەرچاوەی لە دڵتا نەبێ
بڕوام نییە وەک ئەتەوێ
سارد و سڕ بی
ئێوارانە گۆرانی بۆ تاسەکانی ئەو کۆترە ئەخوێنم و
برینەکانی ماچ ئەکەم.
سەری عاشقی هەڵئەبڕێ
لە چاوانیا چاوەڕوانیی ئێوارەی تر بەدی ئەکەم.
لەنێوان کۆتری خۆشەویستیم و
دارستانی نیگاکانت
دەریای ئاگر داییساوە
هەموو کاتێکی ژیانم ئێوارەیە و
ئەو کۆترە ئێسک سووکە
کاتژمێرێکی شکاوە
لە ژوورەکەم هەڵواسراوە.