ئەمشەو دیسان شەپۆلێک هات

از کتاب:
قەڵای ڕاز
اثر:
ژیلا حسینی (1964-1996)
 1 دقیقه  953 مشاهده
ئەمشەو دیسان شەپۆلێک هات
بۆنی باوەشی تۆی ئەدا
ئەستێرەکان هەتا بەیان
نەبینران و چرپەیان نەهات
ئەمشەو من و تەنیایی و تۆ
سێ هاوڕێ بووین
بەرانبەر بە خەو راوەستاین
ئەمشەو ئاسمان هەتا بەیان
ژان ئەیگرت و
کۆشی حەوشە و سەرشانی هەموو دارەکان
پڕ بوو لە پەپوولەی سپی
تۆش دایەنەی کراسەکەت پڕ کردبوو
پێئەکەنیت
ئای کە چەندە پێکەنینی تۆ شیرینە
پێکەنینت بڵێسەی شادمانییە
پەپوولەکان بەدەور سەرتا سەما ئەکەن
کە تۆ نەبی
کە زایەڵەی پێکەنینی تۆ نەمێنێ
هەموو خامۆش و بێدەنگن
کە تۆ ببی و پێبکەنی
من و هەموو پەپوولەکان
دائەبارین
بەدەور سەرتا سەما ئەکەین
قۆڵ لە قۆڵی گەردەلوولا باڵا ئەکەین
دار گۆرانیی ڕاوەستان و
گوڵ جوانیمان بۆ ئەخوێنێ
پێکەنینت
دڵداریی سەرشێتانەمان
پێ فێر ئەکا.