قەڵای ڕاز

از کتاب:
قەڵای ڕاز
اثر:
ژیلا حسینی (1964-1996)
 1 دقیقه  1043 مشاهده
بەسیە ئیتر بزە و کەنین... تیلەی نیگا
سەد ئەوەندە نازداریت و
ڕێکوپێکی بەژن و باڵا
دڵم ببا
هەرچەندە بێیت
هەرچەن بڕۆیت
چەن سەیرم کەی
بە وشەی جوان دڵم ببەی
تەنیا درزێک چکۆلانەش
ناکەیتە ناو قەڵای ڕازی
بە کلیلی کەسێکی کە داخراوم
قەد ئەم ڕازە نادرکێنم
پێت ناڵێم چەند خۆشتم ئەوێ
ناتوانم... نا
هەرچەن دڵم
هێندەی نەماوە شەق ببا
ئەی شۆڕەسوار
بەیانی دێیت
بە باوەشێ خۆشەویستی و
دارستانێکی نیگاوە
دێیتەوە بۆ دۆزینەوەی
ئەو مەلە پڕ لە ئەوینەی
لە ژوورەکەما جێماوە
کاریشت بەو دڵە شێتەی
لەگەڵ سیگار و شەمچەکەت
لە گیرفانی کۆتەکەتت خست
نەداوە.
ئەی شۆڕەسوار
هەموو جارێ بە سواری ئەسپێکی سپی
دێیت و لە قەراخی کانیی عەشقم
ڕائەوەستی
ئەسپی تاسەت بەقەد باڵای بەرزترین
دارەکانی هەڵبەستمەوە
دائەبەستی
لەسەر کانی دائەنیشی و
دەستت بەسەر ئاوێنەی ڕوومەتیا دێنی
دەمی تاسەت
ئەنێیتە نێو دەمی خورپەی
تازەترین ڕازی درکاوی هەڵبەستی