شاری وێران

از کتاب:
شاری وێران
اثر:
علی حسنیانی (1939-1992)
 12 دقیقه  1843 مشاهده

نووسەر و سەرداری گەورەی کورد «ئێحسان نووری» لە کتێبی «مێژووی بنەچەکەی ڕەگەزی کورد» دا دەنووسێ: «گەلی کورد... بە لە بەر چاو گرتنی وەزعی کوێستانی سەختەڕێگەی وڵاتەکەی بەشی زۆری زمان، خوو و ڕوسمی خۆی پاراستووە. یەکێ لەو ڕوسمانە ئەمەیە کە شەڕ و بەربەرەکانی باو و باپیرانی بە شێوەی چیرۆک و بەیت گێڕاوەتەوە. لە ڕاستیدا لە سەدا شێستی بەیتە کوردییەکان باسی ئەو چەشنە شەڕانەی سەرۆکان و پێشینیانی ئەو گەلەیە. بەیتبێژانی کورد لە گوێن مێژوویەکی گیاندارن. گەلی کورد لە زەمانی زۆر کۆنەوە کە خوێندن و نووسین نەبووە، باسی سەرۆکان و ئازایانی خۆی بەو جۆرە سینگ بە سینگ گێڕاوەتەوە تا بە گوێی نووسەرانی مێژووی گەیاندووە و نەیهێشتووە کە فەراموش بکرێن. هەر چەندە تێپەڕ بوونی دەوران لەو چیرۆکانەدا ئاڵوگۆڕ و کورت کردنەوەیەکی گەورەی پێک هێناوە و ناوی مرۆڤان و جێگەی ڕووداوەکانی هێندێک گۆڕیون، بەڵام بناغەی کارەساتەکانی بە گەشتی لە نێو نەبردووە. بەم هۆیەوە وردبوونەوە لەم باسە نەک زەرەی نییە بۆ ڕوون کردنەوەی ڕاستییەکان پێویستیشە.»

یەکێک لەو بەیتانە، بەیتێکی کۆنە بە ناوی «چێری» کە باسی گەورەشارێک دەکا هەر بەو ناوە. لەو بەیتەدا کۆڕەپاشایەک بە ناوی «چێری» کە ئاشقی کچی مامی خۆی بە ناوی «فەرەنتی» دەبێ دەست بە ساز کردنی شارێک لە مەڵبەندی شاروێرانی ئێستادا دەکا تا گراویەکەی تێیدا بژی و خۆش ڕابوێرێ.

وێدەچێ کە ئەو «چێری» یە هەر «ئارتساری» یان «ئارچاری» بێ کە مێژوو باسی دەکا و یەکێک لە چووکەشایانی «ماد» بووە و لە ساڵی ٨٢٩ بەر لە میلاد لەگەڵ «ئۆوالگی» سەرداری «ئاشوور» شەڕی کردووە. ئەو کاتە پێشبەندی «ئار» بە مانای ئاگر و پاک بۆ ڕێز دانان بەو گەورانەی کە حاڵەتی تەقەدوسیان بۆ بە کار هاتووە وەک ئاریاکیس، ئاریتاس، ئاربیانس و... و ئارچای. لە ڕاستیدا ناوی ئارچاری «چاری» بووە.

بەر لە مە کە پتر لە بارەی «شار وێران» یان «شاری وێرانی چێری» دا بدوێین، بە پێویست دەزانم کورتەئیشاڕەیەک بە بەیتەکانی کوردی کە «بەیتی چێری» یەکێک لە وانە بکەم.

«بەیت» بەشێکی گرینگ لە فۆلکلۆر و ئەدەبیاتی کوردی پێک دێنێ کە نووسەر یان دانەریان نەناسراون و سینگ بە سینگ دەیان و سەدان ساڵ گەڕاون و بە دەست ئێمە گەیشتوون. بە دینێک، بەیتی کوردی سێ جۆرن:

١ - هۆنراوە و شێعر وەک بەیتی «دمدم» کە بە شێوەی شێعری کلاسیکە و بەیتی «گوڵێ» کە لە سەر شێوەی شێعری نوێیە.

٢ - پەخشان وەک بەیتی «مەرزینگان».

٣ - تێکەڵاوێک لە شێعر و پەخشان وەک بەیتی «حوسەین چاوپان».

لە بارەی نێوەرۆکیشەوە بەیتەکان جۆراوجۆرن:

بەیتی مێژوویی وەک بەیتی «دمدم».

بەیتی سیاسی وەک بەیتی «ناجی عومەر».

بەیتی فەلسەفی وەک بەیتی «زەنبیلفرۆش».

بەیتی وەسفی وەک بەیتی «گوڵێ».

بەیتی ئاشقانە وەک بەیتی «خەج و سیامەند».

بەیتی حیماسی و ئازایەتی وەک بەیتی «سەیدەوان».

بەیتی پێکەنینی وەک بەیتی «کەرێ» و بەیتی «مشک و ئاشەوان»

.........................

هێندێک لەو بەیتانەش بوونەتە مەسەل وەک کەسێک کە زۆر لە سەر شتێکی بڕوا بە لاتاو دەڵێن: «بەیتی بلەیە»: وا دیارە بەیتی بلە بەیتێکی دوورودرێژە. یان کەسێک کە زۆر پیر و بە تەمەن بێ دەڵێن: «بەیتی دمدمی بو بڵێی دەگری...» واتا هێند پیرە کە کارەساتی قەڵای دمدمی لە بیرە.

بەیتی چێریش یەکێک لەو بەیتانەیە کە تێکەڵاوێکە لە نێوەرۆکێکی ئاشقانە و مێژوویی. ئێستاش لە ناوچەی شاروێراندا ئی وا هەیە ئەو بەیتە بزانێ، هەر چەندە بەداخەوە بە هۆی نەنووسرانیان، زۆربەی ئەو بەیتانە گۆڕدراون.

لە بەیتی «برایم و مەحمەڵ» دا باسی شارێک دەکرێ هەر لە ناوچەی ناوبراودا بە ناوی شاری «چێلیان». لە کوردیدا پاشبەندی «ان» و «یان» لە دوای هێندیک جێگا بە کار دەبرێ بۆ نیسبەتدانی ئەو جێگایە بە دانیشتووانی وەک «وڵاتی کوردان»، «شاری کوێران» و «گەڕەکی ڕزگەیان». پیتی «ڕ» ش جاری وایە بە «ی» [ل] دەگۆڕدرێ، وەک «دەریا = دەلیا» بەو هۆیەوە دەبێ ناوی ئەو شارە هەر چێری بێ.

«شاروێران»، مەڵبەندێکی پان و بەرینە کە لە نێوان ناوچەکانی شامات، چۆمی مەجیدخان، ئاختاچی، شاری مەهاباد، ناوچەی سندووس و دەریای ورمێ دا هەڵکەوتووە و خاکێکی پڕ پیت و خەڵکێکی تێگەیشتوو و ڕووناکبیری هەیە.

وەکوو ئەو بەیتە باسی دەکا و هێندێک ئاسەواری مێژوویش نیشان دەدەن، شاری چێری دەبێ لە ٥ تا ٢٠ کیلۆمیتری شاری مەهابادی ئیستادا هەڵکەوتبێ کە کێوی فەقرەقا و گوندەکانی ئیندرقاش، قوونقەڵا و قەرەخان تا نزیک گوندی دریاز تا دەگاتە بەردەکونتێ دەگرێتە بەر.

لە زمانی مادیدا بە شاریان گوتووە «چێر» کە لە دوایەدا ئەو وشەیە بۆتە ژێر، شێر، شتەر، شار، باژێر، سەهر و ساهر، ئەمڕۆکە لە فارسیدا پێی دەڵێن شەهر. لە کارنامەی ئەردەشیری بابەکاندا «شارەزوور»، «ساهر زووریک» ناو براوە.

لە لای ڕۆژهەڵاتی شاری وێرانی چێری، کێوێکی لێیە بە ناوی «فەقرەقا»؛ «هێرۆدۆت» مێژوونووسی بەناو دەڵی گڵکۆی «فەرەوەرتیش» دووهەمین شای مادەکان لە بەر قەدی کێوێکی بەردین لە بەشی باشووری دەریای ورمێ لە نێو هۆدەیەکی هەڵکەندراودا هەڵکەوتووە. بە لە بەر چاو گرتنی ئەمە کە لە سەرانسەری مەڵبەندی باشووری دەریای ورمێ جگە لە فەقرەقا جێگەیەکی دی بەو ناو و نیشانانەی کە هیرۆدۆت دەڵێ نییە، دەبێ گڵکۆی فەرەوەرتیش هەر لە فەقرەقا بێ. لە بەرزایی بەرقەدی باشووری فەقرەقادا هۆدەیەکی بەردینەی گەورەی لێ هەڵکەندراوە کە دەبێ بە نێردیوان بۆی بچی. لە نێو ئەو هۆدەیەدا ئاسەواری گڵکۆی لێیە.

وشەی «فەقرەقا» دەبێ «فەرەوەگا» بووبێ، واتا جێگای «فەرەوە» کە یەکێک لە چووکەخوایانی ئەهورەمەزدا بووە. «فەرەوەرتیش» لە «فەرەوە» وەرگیراوە و پاشبەندی «تیش» یان «تیژ» لە زمانی مادیدا ڕیشەی وشەی «تیشک»ە بە مانای پڕشنگ. «گا» و «گاس» و «ئاس» لەو زمانەدا پاشبەندی جێگا بووە کە ئەمڕۆکەش لە زمانی کوردیدا پاشبەندی «گا» هەر ماوە وەک جێگا، ڕێگا و زانستگا.

لە فەقرەقاوە ڕێگەیەکی بەردچن بەرەو ڕۆژئاوا کێشراوە کە ئاسەواری وی جێگاجێگا هەر ماوە، بەتایبەتی لە نزیک چۆمی مەهاباددا کە بە لای قوونقەڵادا ڕەد دەبێ. لە درێژایی ئەو ڕێگایەدا پردێک هەبووە کە بەرەو ئاوایی قوونقەڵای ئێستا چووە. هەر وەها لە مەزراکانی ئەو گوندەدا گۆنگە ئاو دۆزراوەتەوە کە ئەوە دەگەیێنێ لە زەمانی مادەکاندا لە شاری چێری بە لوولەکێشی لە ئاو کەلکیان وەرگرتووە. دیارە شتی کۆن و ئەنتیکەی وەک مووت و مووروو، بازن و خرخاڵ، خەنجەر و... لەو مەڵبەندەدا زۆر دیتراوەتەوە.

بە داخەوە زۆر لە گوندەکانی شاروێران و مەڵبەندەکانی دیکەی کوردستان یان ناویان گۆڕدراوە و کراونەتە تورکی یان دوای ساز کردنیان ناوی تورکییان لێ ناون وەک: قوونقەڵا، قەرەداغ، دەلیکداش و... هۆی ئەو ناوە تورکییانە زاڵ بوونی موغوولەکان، عوسمانییەکان و سەفەوییەکانە. «هولاکووخان» بەشی زۆری تەمەنی لە مەراغە و میاندواودا ڕابردووە و لە قەراخ چۆمی جەغەتوو گوندێکی ساز کردووە و لێی دانیشتووە کە ئێستاش ئەو گوندە هەر ماوە و ناوی «قەڵای ئەڵڵاکۆیە». هولاکوو بە بۆنەی سەرکەوتن لە شەڕێکدا دەستووری داوە کە پەیکەرەی کەڵێک و شێرێک لە سەر بەردێک بۆ یادرگار هەڵکەنن کە ئەو بەردە ئێستاش لەو گوندەدا ماوە و بەیتی «کەڵ و شێر» بەودا هەڵگوتراوە.

لە زەمانی ناوبراودا دوو برا بە ناوی «یەرغوو» و «تەرغوو» هەر کامیان بە لەشکرێکی زۆرەوە هورووژمیان هێناوەتە سەر وڵاتی ئێمە، بەڵام خەڵکی ئازای ئەو وڵاتە وچانیان پێنەداون و یەرغوویان لە نیزیک شاری مەهاباددا کوشتوە و لەشکرەکەیان تێک شکاندووە کە ئێستاش چۆمێک کە بە مەڵبەندی ئەو شەڕەدا دێتە خوارێ و بەرەو دەریای ورمێ دەڕوا، بە ناوی ئەو سەردارە موغوولەیەوە و «یەرغوو» یان «یێرغوو»ی پێ دەگوترێ. براکەی دیکەشی بە ناوی «تەرغوو» لە نیزیک شاری بۆکاندا تێک دەشکێ و دەکوژرێ کە مەڵبەندی ئەو شەڕەش کێوێک بووە بە ناوی «تەرەغە» کە لە وشەی «تەرغوو» وە وەرگیراوە، هێشتا هەر ئەو ناوەی لە سەرە. لە داوێنی ئەو کێوەدا گوندێکی لێیە هەر بە ناوی «تەرەغە».

تورکە عوسمانییەکان و سەفەوییەکانیش زۆر لە وڵاتی ئێمەدا ماونەتەوە و حوکماتیان کردووە.

سەفەوییەکان زۆربەی سەرداری ئێلی برادۆست و موکرییانیان سەرکوت کردوون و بە سەر فرە ناوچەی کوردستاندا زاڵ بوون. ئێلاتی موکری کە لەگەڵ سەفەوییەکان بەشەڕ هاتوون، لە زستانێکی سارد و سەخڵەتدا لە کێوێک لە نیزیک گوندی قارەوای مەنگوڕ لە سەرمان قڕیان هاتووە کە ئێستا بەو کێوە دەڵێن «موکری قڕان». هەر وەها لە زەمانی سوڵتان «میر موقەددەم» کە لە لایەن سەفەوییەکانەوە لە مەراغەدا حوکماتی کردووە، هێندێک تورک بۆ ناوچەی «چۆمی مەجیدخان» و «بەهی» کۆچ دراون کە پێیان گوتوون «ترکەڕەشە».

بەشێک لە شاری چێری تەپکێکە لە هەشت کیلۆمیتری شاری مەهاباد لە تەنیشت ڕێگای مەهاباد ورمێ بە ناوی «بەردەکونتێ». لە سەر تەپکەکە، جێگەیەک لە بەرد هەڵکەندراوە کە درێژایی و پانایی و قووڵایی هەر کام دوو میتر دەبێ، لە خوارەوەی هەر لادیوارێک ڕەهەندێک بۆ دەورانبەری تەپکەکە لێدراوە کە پیاو لە سەر ئەژنۆیان پێیدا دەچێ. لە لاپاڵی ڕۆژهەڵاتی تەپکەکە، کە دەڕوانێتە چۆم و مێشەیەکی خۆش و دڵڕفێن، هێندێک پلیکان لە بەردی هەڵکەندراون کە دیارە بۆ وەسەر کەوتن نین و بۆ لە سەر دانیشتنن، وا وێدەچێ کە ئەو جێگایە عیبادەتگا بووبێ. لە نێو ئەو جێگا هەڵکەندراوەدا کە چوار ڕەهەندی هەیە ئاوریان کردۆتەوە و بە ڕەهەندەکاندا هەوا بو ئاورەکە چووە تا نەکووژێتەوە. لە لاپاڵی باشووری بەردەکونتێ، ئاسەواری چەند هۆدەبەردینە هەر ماوە. بە لە بەر چاو گرتنی ئەوە کە لە ڕۆژگاری زۆر کۆندا زۆربەی گەلی کورد ڕۆژپەرەست بوون، ڕەنگە بۆ عیبادەت، بەربەیانان چووبنە بەردەکونتێ و لە سەر پلیکانەکان کە بەرەو ڕۆژهەڵاتە دوعایان کردبێ، بەڵام زیاتر وێدەچێ کە لەو جێگایەدا بە بەشداری «مووبەد» پێشەوای ئایینی زەردەشتییەکان، بە شێوەی تایبەتیی خۆیان ڕوو بە خۆرهەڵات عیبادەت کرابێ. ڕەنگە لەوێدا شانۆی ئایینیش بەڕێوە چووبێ.

لە لای ڕۆژئاوای بەردەکونتێ کێوێکی بەرزی لێیە کە ڕێگای مەهاباد ورمێ بە نێوان ئەو کێوە و بەردەکونتێدا کێشراوە. لە سەر ئەو کێوە ئاسەواری یەک دوو گڵکۆی کۆنی لێیە. لە داوێنی ڕۆژهەڵاتی کێوەکە کە ئاسەواری چەند ڕەهەندی ئاوی لێ بووە کە بە داخەوە کاتی کێشرانی ڕێگای ناوبراو لە نێو چووە. ئەو ڕەهەندانە - کە زۆر کەس دیتوویانە و لە بیریانە - ڕێگای هێنانی ئاو بۆ مەزراکان بووە.

لە لای خۆرهەڵاتی گوندی «لەج» ێ، یەکێک لە گوندەکانی ناوچەی شاروێران کە لەگەڵ فەقرەقا سێ کیلۆمیتری نێوانە، ئاسەواری کۆنەئاوایییەکی لێیە کە ڕەنگە بەشێک لە شاری چێری بووبێ.

لێمان ڕوون نییە کە شاری چێری بۆ لە نێو چووە. دوای لە نێو چوون یان وێران بوونی شاری چێری لە لای باشووری ڕۆژئاوایی ئەو شارە، شارێک ساز کراوە بە ناوی «ئادریاس» کە ئێستاش پاشماوەی ئەو شارە، گوندێکە بە ناوی «دریاز».

«ئادر» یان «ئار» لە زمانی مادیدا بە مانای ئاگرە کە ئاشوورییەکان بە شکڵی «ئاشوور»، «ئاسوور» و «ئاتوور» بە کاریان هێناوە و لە زمانی پەهلەوی و دەری و ئاوێستاییدا بۆتە «ئاهیر»، «ئاهوور»، «ئاتر» و «ئاتەخش» کە ئێستا لە زمانی کوردیدا «ئاگر» و «ئاور» دەکوترێ و لە زمانی فارسیدا وشەکانی: «آذر»، «اخگر»، «آتش» و «اختر» لە سەر ئەو بناغەیە ساز بووە.

وەکوو باسمان کرد وشەی «ئاس» لە زمانی مادیدا بە مانای مەڵبەندە کە «ستێن»، «ستان»، «ئوستان» و «ئاستان» هەر لەو ڕیشەیەن. لە زمانی پەهلەویدا ئەو وشەیە بۆتە «وستان». لە کارنامەی ئەردەشیری بابەکاندا «شارستێن»، «شتەروستان» نووسراوە.

لە کوردستاندا ئاوایی دیکەشمان هەیە کە ئاخرەکەی «ئاس» بێ وەک «بەیتاس» لە ناوچەی مەنگوڕ کە «بەتئاس» بووە، واتا مەڵبەندی گەوران و «سوێناس» لە مەڵبەندی گەورکی مەهاباد کە «سوێ ئاس» بووە بە مانای مەڵبەندی نوور. هەر وەها «نەڵاس» لە لای شاری سەردەشت کە وێدەچێ «نێڵ ئاس» بووبێ.

لە گوندی دریازیش شتی کۆن و ئەنتیکە دیتراونەوە. لە باشووری ڕۆژئاوایی ئادریاس گوندێکە بە ناوی «بایندەرێ» کە بە هەڵە بە فارسی «پائیندرە» دەنووسری و لە ڕاستیدا «بات ئیندەرا» یە واتا «ئیندەری مەزن» کە لە پێشەوە باسمان کرد. نێوانی ئەو گوندە تا دریاز ٣ کیلۆمیتر دەبێ. لەو گوندەدا ئاگرگایەکی زۆر گەورەی لێ بووە کە ئێستاش ئاسەواری بە شێوەی سواڵەت هەر ماوە. وێدەچێ خەڵکی ئادریاس بۆ عیبادەتی ڕۆژانی گرینگی ئایینی چووبنە ئەو ئاگرگایە.

دوای چووک بوونەوەی ئادریاس لە نیزیک شاری مەهابادی ئێستێ، لە سەر تەپکی مەحموودکان شارۆچکەیەک ساز بووە بە ناوی «مەکران» کە وشەی «موکریان» لەو وەرگیراوە.

شارۆچکەی مەکران بە گەورەیی و گرینگیی دوو شاری چێری و ئادریاس نەبووە. ئاسەواری ئەو شارۆچکەیە تەنیا هێندێک شتی ئەنتیکەیە کە وە دەست کەوتوون. نیزیکەی چوارسەد ساڵ پێش لە زەمانی سەفەوییەکان شاری سابڵاغ ساز کرا و شارۆچکەی مەکران وردەوردە لە نێو چوو.

ئەو چەند دێڕەی کە خوێندتانەوە تەنیا شوێنێکی بچووکە کە هەڵگیراوە، بە هیوام ئەو شوێنە ببێتە هۆی وەدوا کەوتن و لێکۆڵینەوەیەکی گرینگ و بەنرخ بۆ وەلادانی پەردەی فەرامۆشی لە سەر بەشێک لە مێژووی نیشتمانەکەمان.