پێشەکی

از کتاب:
شاری وێران
اثر:
علی حسنیانی (1939-1992)
 2 دقیقه  1111 مشاهده

خوێنەری خۆشەویست!

ئەمن نە خۆم بە نووسەر دەزانم و نە پێم وایە ئەم کتێبە بچووکە دەمباتە ڕیزی ئەدیبانی وڵاتەکەمەوە. نووسین کارێکی یەکجار گەورە و گرانە، بەتایبەتی بۆ کەسێکی کە هەرگیز بە زمانی زگماکی خۆی نەیخوێندبێ. جا کە وا بوو چۆن دەتوانم ئیدعایەکی وام هەبێ؟ ئەمن لە سەر ئەم بڕوایەم کە دەبێ لە هەموو دەرفەتێک بۆ خزمەت کردن بە ئەدەب و فەرهەنگی کوردی کەلک وەرگیرێ و ئەگەر لەو بارەوە کەمتەرخەمی بکرێ، تاوانێکی گەورەیە. بۆیە دەستم کرد بە نووسینی ئەم چەند مەقالەیە، بەم هیوایەوە کە لاوەکانمان بۆ نووسین هان بدا.

لە نووسینی ئەم کتێبەدا تێکۆشاوم بە ساکاری بنووسم، پێم وایە ئاسەواری ئەدەبی - وەک هەموو هونەرێک - نابێ زۆر لە ڕادەی تێگەیشتن و هەست کردنی خەڵک نێوانی هەبێ و بە کورتی «هونەری فاخر» م بە لاوە زۆر پەسند نییە. لە ساز کردن و داتاشینی وشە خۆم پاراستووە چونکە پێم وایە، لە لایەک زمانی کوردی، زۆر پان و بەرینە و زۆرمان نیاز بە ساز کردنی وشە نییە، لە لایەکی دی ئەگەر ساز کردنی وشەیەک پێویست بێ، ئەوە کاری یەک کەس و دوو کەس نییە و دەبێ کۆڕێکی لێزان ئەو ئەرکە وە ئەستۆ بگرێ.

لەم کتێبەدا دە مەقالەی جۆربەجۆرم هێناوەتە سەر کاغەز. ئەوانەی کە سەروکاریان لەگەڵ نووسینە، باش دەزانن کە نووسینی «مەقالە» زۆر هاسان نییە، جا ئەگەر کەموکووڕییەکتان چاو پێکەوت، تکایە بۆم بنووسن تا لە نووسراوەکانی دیکەمدا لە بەر چاویان بگرم.