لاییلایی دایکێکی دڵسۆز بۆ کۆرپە ساواکەی

از کتاب:
شیعرەکانی مەلا ئاوارە
اثر:
ملا آواره (1933-1968)
 2 دقیقه  1687 مشاهده
ڕۆڵە کۆرپەکەم! ئارامی گیانم!
خونچەی گوڵزاری باخچەی ژیانم!
جگەرگۆشەکەم! بەرهەمی ژینم!
سەروەت و ماڵم! ئاین و دینم!
هێز و تەوژمم! بینای چاوانم!
هاودەنگی بەزمی ڕۆژ و شەوانم!
ڕۆڵە گیان! مەگری، مەگرە بەهانە
بنوو درەنگە و بەری بەیانە
هەی لایە لایە کۆرپەی ساوایە
کوێر بێ ئەو چاوەی بە تۆ هەڵنایە
هەرچەن تۆ دەگری جەرگم کەبابە
من بۆ تۆ چۆنم، تۆش بۆ من وابە
تۆ شاگوڵی جوان، من پاسەوانم
نازت دەکێشم هەتا دەتوانم
دایک ئەو کاتەی دڵی دەسرەوێ
کە کۆرپەی ساوای بێخەم وەرکەوێ
یان بە بزەی لێو بە خەندەی زاری
ئاڵوگۆڕیان کا گریان و زاری
هەی لایە لایە کۆرپەی ساوایە
قەزات لە گیانم تاقانەی دایە
هەتا ئێستاکە منداڵی وردی
خەڵف و نەمامی بێستانی کوردی
شلکی، ناسکی، نەتداوە بای باڵ
دەرت نەکردووە پەڕ و خەت و خاڵ
بێزمان و بێ بیر، بێ هۆش و تاقەت
خەمبارم دەکەی بە گریە و زاقەت
بەڵام بە هیوای دواڕۆژم سا دەی
نەکەی ڕۆڵە گیان ڕەنج بە با دەی
هەی لایە لایە کۆرپەی ساوایە
دە بنوو درەنگە تاقانەی دایە
هیوام زۆر پێتە وەک باب و کاکت
ببیە سەربازی نەتەوە و خاکت
بەخێوت دەکەم بە گیان و بە دڵ
نەکەی بترسی و لە هیچ بکەی سڵ
زانا و خوێندەوار، چاو و دڵ تێر بی
ڕۆژی تەنگانە پڵینگ و شێر بی
لاوێکی گورج و خاوەن هۆش و بیر
نەترسی لە بەند، لە کۆت و زنجیر
هەی لایە لایە ڕۆڵە لای لایە
شەوگار درێژە بۆچ خەوت نایە
کوڕم تۆ کوردی، تۆ بێچووە شێری
نەتەوەی کاوەی ئازا و دلێری
باب و باپیرت، خزم و کەس و کار
زۆریان کێشاوە مەینەت و ئازار
بۆ پارێزگاریی نامووس و ماڵیان
قەت ڕانەوەستا دەس و گۆپاڵیان
تۆش وەک ئەوان بە، نەترس و نەبەز
بازی کێوی بە، نەک کەوی قەفەز
هەی لایە لایە ڕۆڵە لای لایە
هیوای دواڕۆژم لە دەس تۆدایە