ئێمە کە بە ناو کۆمەڵی پێشمەرگەی خاکین

از کتاب:
شیعرەکانی مەلا ئاوارە
اثر:
ملا آواره (1933-1968)
 2 دقیقه  1490 مشاهده
ئێمە کە بە ناو کۆمەڵی پێشمەرگەی خاکین
پێشدەست و فیداکاری هەموو کوردێکی چاکین
دەسهەڵگری سەر، ماڵ و کوڕ و بابین و داکین
چونکە بە دروستی ڕەگەزی کاوەیی پاکین
بۆیە لە شەڕی دوژمنی گەل هێندە بێباکین
لەو کاتەوە خەڵفی قەد و باڵای مە چەقاوە
بە خوێنی شەهیدانی وەتەن ئاوی دراوە
چونکە لە مەمەی کوردییەوە تێر کراوە
هەر بۆتە دلێری و نەبەزی هەرچی خوراوە
بۆیە لە شەڕی دوژمنی گەل هێندە بێباکین
تا ئەوڕۆ لەبەر تەفرەقە، گەر ماف خوراوین
ئێستاکە هەموو یەک دڵ و یەک زار و تەواوین
بڕوانە بۆ سەر سەنگەری دوژمن چ بەتاوین
چونکە لە بەرەی پاکیزەی ئەییووبی بەناوین
بۆیە لە شەڕی دوژمنی گەل هێندە بێباکین
ئێستاکە چەقیوین وەکی شێر لە مەیدان
دەس هەڵنەگرین مەرجە لە جەنگین و هەوڵ دان
تا وەرنەگرین مافی خوراوی گەلی بابان
ئێمەینە بەجێماوی قەدەم خێر و کەریم خان
بۆیە لە شەڕی دوژمنی گەل هێندە بێباکین
سەیری کە، کە ئاوارە بە پێشمەرگە دەنازی
چریکەی دێ، بەبێ ترسی دەڵێ هەروەکی بازی
ڕاوەستە هەتا دەتگەمێ ئەی خوێنمژی قازی
هاتووینە نەبەردی هەموو بێگانە بە سازی
بۆیە لە شەڕی دوژمنی گەل هێندە بێباکین