ڕەشی و گەشی

از کتاب:
گوناهـ
اثر:
علی حسنیانی (1939-1992)
 3 دقیقه  1424 مشاهده
شەو کڕ و مات و مەڵاسە و بێدەنگ
شنەبا کەوتووە لە ترسی شەوەزەنگ
کوندەبوو دای لە شەقەی شاباڵی
ئێستێ بێدەنگە لە سووچی ماڵی
شەوی ڕەش زاڵە بە سەر دنیادا
بە بزە و شادی چ مەودا نادا
هەموو دنیا کز و یەخسیری شەوە
هەلە بۆ هەوهەوی شەیتان و شەوە
دێتە گوێ چەل چەلە داد و هاوار
زیڕەزیڕی کچی بەدبەخت و هەژار
کە بە زیندوویی لە چاڵێ دەخرێ
داد و کۆکەی لە هەوادا دەمرێ
گڵی وی هەڵدەدرێ کۆگایەک
گڵی دواکەوتوویی بارستایەک
گوڵی خەم دەڕوێ لە سەر گڵکۆیان
هەوری ڕەش خوێن دەدەڵێنێ بۆیان
گەڕی گۆوەندی شەوە و مۆتە و دێو
لە گەڕاندایە لە هەر بەرز و نشێو
دەگەڕێ شایی بە کەیفی شەیتان
کە بە قاقا دەڵێ بەند و بەیتان
بێسنوورە شەوی بێڕۆچنایی
ژینی ئاسایی ڕەشە و بێبایی
ژین نیە ژانێکی بێ هاوارە
شەو نیە گۆشەیەکی شەوگارە
چ وڵاتێکە خودا هێندە ڕەشە
لە بزە و تیشکی ئەوین دوورەبەشە
کوا ئەدی موعجزەیەک تێکی بدا
بیڕمێنێ، لەپڕا، لێکی بدا
لابدا پەردە لە فێڵ و دەلەسە
بێ و بڵێ ئیدی سیاڕۆژی بەسە
بۆچی ئەمشۆ لە هیوا بوومە بەری
بۆچی ناڕوانمە خوای ژووری سەری
خوایە هۆی بوون و هومێد و بڕوا
دوور لەوی هەرچی هەیە با بڕوا
کاتی هیوایە و سەرمایەی ژین
بۆ دڵی سەرد و شکاوە گوڕ و تین
نووری بڕوایە کە مایەی مانە
پاشی تەنگانە دەبێ فەرعانە
چاو هەڵێنە ئەوە هەیڤە کە هەڵات
پێ دزیلکەی شەوەیە هاتنی هات
لەپڕا چۆن بوو دەڵێی موعجزەیە
کاتی خەمڵینی نەمامی بزەیە
دێتە گوێ دەنگێکی ئارامیدەر
دەڵێ: خەمڵی گوڵی شانازیی بەشەر
جێژنی مەولوودی «ڕەسوولەڵڵا» یە
شادییە، ڕوو دەکەیە هەر لایە
هاتە دنیا گوڵی باغی نەبەوی
بۆتە چیمن هەموو چوار قوڕنە بە وی
شەو شکا، شەق بوو، نەما دێوەزمە
کاتی خۆشیمە، زەمانی حەزمە
مەککە پڕ بوو لە ئەوین و گوڵ و نوور
تیشکە دێ و دەبڕێ سنووری بۆ دوور
کوانێ شەیتان و هەل و شەوگوردی
کێیە پێی بخزێتە داوی وردی
کوانێ کیژ کوشتن و کوا زیندە بە چاڵ
بەڵێ، بۆ زاڵمە فەوتان و زەواڵ
تێکی پێچاوە فڕ و فێڵ و درۆ
ڕەشی ڕۆیشت و نەما باوی دەهۆ
دڕک و زی بوونە زەمەند و زەنوێر
هەڕنەهووت بوو بە بەرامی شللێر
کۆیلە و دیل و ژن ئازاد کران
بوت شکان و لە زبڵدانێ خران
بە «محەممەد» گەڕی مێژوو گۆڕا
ژینی ڕابردوو خرا نێو گۆڕا
ڕێی «محەممەد» هەموو ئینسانی بوو
پاکی و چاکە و یەکسانی بوو
خۆزگە ئێمەش لە دڵی تیشکی ئەوا
دەترووسکاینەوە وەک گۆ لە شەوا
ڕادەبووین و بوتمان تێکدەشکاند
لاپەڕەی ژینی ڕەشیمان دەدڕاند