پەیکەرەی بلوور

از کتاب:
گوناهـ
اثر:
علی حسنیانی (1939-1992)
 4 دقیقه  1952 مشاهده
پەیکەرەی بلوور
با صدای: عەلی حەسەنیانی
کیژۆڵێ! شنەی شەماڵی کوێستان
ئەی دڵ بە تەمای تۆ دەستەوەستان
کیژۆڵێ! جوانترین گوڵی هەرد
سینگت وەکوو لۆکە، دڵ وەکوو بەرد
باخی گوڵی، پەیکەرەی بلووری
پڕشنگی گڕی، هەتاوی، نووری
ئەی جوانەکچی خودای جوانی!
تۆ شێعری دڵی، دڵی دڵانی
چاوت وەکوو بادە مەستیهێنە
ئاشقکوژە، مەستە، خەمڕەوێنە
هەر چەندە کە کانیاوی ژینە
کاری هەموو کوشتن و بڕینە
ئەو دین و سەرنج و نیونیگایە
هاوارە لە من، چ بێڕەزایە
کوڵمت گەش و لووس و ساف و تورتە
هەر بەختی منە کە دەستی کورتە
وەک بەفری سپی لە دوندی ئاسۆ
ڕێک و خڕە کوڵمی دڵکوژی تۆ
ئەستێرەیەکی لەسەر دیارە
ڕووگەی دڵی ئاشقی هەژارە
ئەستێرەیە، دڵڕفێنە خاڵت
بێوێنەیە کوڵم و خاڵی کاڵت
کەی خاڵە ئەوەی کە نەخشی کوڵمە؟
ئارامیدەری دڵی بەکوڵمە
لێوت وەکوو شێعرە، شێعری شەیتان
پڕ شەهوەتە کوانێ مەردی مەیدان؟
کاتێ بە بزە و وتە دەپشکوێ
گیان و دڵی دار و بەرد دەبزوێ
پڕ نەشئەیە، ئاورینە، نازە
کانگای هەوەسان، ماچخوازە
سینگت وەکوو بەفری لەند و هەوشین
ڕێک و سپی و تراش و بەفرین
مەمکت خڕ و قیت و قنجە وەک گۆ
ئیمانی دڵان دەبا بە فیڕۆ
کاتێ کە دەڕۆی نەرم لەرەی دێ
دەنگی دڵە یا مەمە «وەرە»ی دێ
بەژنت دڵ و دین دەبا بە جارێ
خوای جوانییە، جوانی لێ دەبارێ
خاڵێکی ڕەشت لە نێو مەمانە
خواکردە کە وا لە دڵ جوانە
جێگەی خەوی خوای ئەوینە سینگت
ئیلهامدەری شێعری ژینە سینگت
ڕۆینت وەکوو وەزنی شێعری خوایە
کەی ڕەوتی کەوێ لە جوانی وایە؟
ڕۆیین نیە، ڕەوتی ئاسکانە
کەروێشکەیە، لابەری خەمانە
دەنگت وەکوو نەغمەی ئاسمانی
یا چەشنی سروودی ساردەکانی
خۆشتر لە چریکەکانی «ئاکۆ»
خاوەندی جوانترین وتەی تۆ
بۆ جوانی کڵاوێکت لە سەردا
خەڵکی بەوە بوونە شێت و شەیدا
عالەم هەموو هۆشی لێ بڕاوە
هاوارە لە دەستی ئەو کڵاوە
کیژۆڵێ! جوانیی تۆ تەواوە
لابە بە سەری خۆت ئەو کڵاوە
با دەرکەوێ پرچی نەرم و تاتا
با بۆنی بەرێتە هەندەران با
با بێتە دەرێ هەتاوی زێڕن
بەشکەم وەخەبەر بێ بەختەکەی من
کیژۆڵێ! ئەتۆ بۆ وا جوانی؟
سەرتۆپی هەموو جوانەکانی
«ڤێنووس» کوا تاکوو تۆ ببینێ؟
داخەجڵێ، بگێڕێ گەرمەشینێ
جا بچتەوە خزمەتی «ژۆپیتێر»
دەردی دڵی هەڵبڕێژێ تێرتێر
شین کا سەری با بە شین و گریان
هاوار بکا: ئەی خوای خوایان!
بۆچی لە هەوەڵ منت نەدیبوو؟
خوڵقاندنی ئەو گوڵەت لە چی بوو
«ئاناهید» ئەدی لە کوێ خزاوە؟
پێم وایە کە تان و پۆی پساوە
با بزانێ خوای جوانی «ئاری»
لەم کێو و چڕە کراوە کاری
چون جوانیی هەموو جوانی دنیا
کۆ بۆتەوە لای تۆ تاقی تەنیا
نەشمیل و لەبار و قیت و قۆزی
کڵپەی دڵی ئاشقی، بەسۆزی
ئاونگی لە سەر گوڵی بەهاری
ئاهەنگی ئەوینی تاسەباری
ئاواتی دڵی، گوڵی خەیاڵی
فرمێسکی بەفر، شنەی شەماڵی
بەیبوون و وەنەوشە و گوڵاڵە
شللێر و گەزیزە و هەڵاڵە
مەندۆک و کەما و هەڵز و بیزا
گیاخاو و تەواوی گیای دە دنیا
بەم حەسرەتەوەن کە چەشنی تۆ بان
واتا کە شەپۆلی ڕەنگ و بۆ بان
کیژۆڵێ! بە من بڵێ ئەتۆ چی؟
سەد خۆزگە بەوەی چەلێک ئەتۆی دی
ڕاکێشەری بیر و هۆش و چاوی
بۆ من - چ بڵێم؟ - خەیاڵی خاوی
ئاخر دل و دڵڕفێنی و من؟
هەی داخی گران و سەد مەخابن
هەر چەندە کە ئەهلی زەوق و شەوقم
ئەمڕۆکە نەهاتی بۆتە تەوقم
وەک چۆلەکەیەکی دەنگ بڕاوم
چەند ساڵە لە نێو قەفەس کراوم
سەد داو و بەنم لە دەست و پێدا
دایم تەم و مەینەتم لە ڕێدا
بابردەڵەیەکی بێزمانم
یەخسیری گەڕانی گۆی زەمانم
خەم دەوروبەری هەموو تەنیوم
شمشیری جەفا دڵی بڕیوم
هاواری بڕاو و ناتەواوم
پێم سەیرە چلۆنە ئێستێ ماوم
جارجارە کە دێم و تۆ دەبینم
بۆم نوێ دەبێ جوانترین ئەوینم
بەم دیتنە دڵ دەگا بە ئاوات
ڕەنگین دەبێ لاپەڕەی بەسەرهات
دەکرێتەوە خونچەکەی ژیانم
تۆ دەبیەوە بووکی شێعرەکانم
***
ئاکۆ: کچی خودای دەنگ لە یۆنانی کۆندا
ڤێنووس: خودای جوانیی یۆنانی کۆن
ژۆپیتێر: خودای خودایانی یۆنانی کۆن
ئاناهید: خودای جوانیی ئاریاکان