بەستەی کوردی

از کتاب:
دیوانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
 1 دقیقه  1311 مشاهده
نیشتمانمان کە دایکی دڵسۆزە
خۆی ڕێک خست بە مرواری و پیرۆزە
سەیری سەحرا کە بێ تەپ و تۆزە
وا بەهار هات و جەژنی نەورۆزە
خوایە ئاوا بێت ئەم گەل و هۆزە
تێگەیشتووین بە سۆزی زانستی
پێگەیشتوین بە شۆڕی سەربەستی
شەرت بێ کە هەرچی دایکمان ویستی
دەست بەرین و تیادا نەکەین سستی
تا بە خوێندن ئەگەینە جێی هەستی
ئەی نەوجوانی کوردی بە جەوهەر
دەوری دەوران بووە بە دەوری هونەر
ئەوروپایی فنوونی گرتە بەر
ئێوە کارێک بیگرن ئەیبەنە سەر
حەیفە ناوتان نەنێن هونەرپەروەر