بەندی شەماڵ
از کتاب:
دیوانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
3 دقیقه
1311 مشاهده
شەوێک لەیلام کەوتە خەیاڵ
کەوتە یادم ئەو زوڵف و خاڵ
هاوارم بردە بەر شەماڵ
شەماڵ بۆم بکە ئەم فرمانە
شەماڵ ئەمشەو بێقەرارم
موبتەلای چاوی بەخومارم
وەرە بچۆرە لای یارم
هاوار حاڵم پەریشانە
شەماڵ داماو و زەلیلم
هانام بە تۆیە دەخیلم
وەرە ببە بە دەلیلم
بۆم بچۆرە خزمەت جانانە
شەماڵ تۆ بی و شاهی مەردان
تۆ و سەرڕاستی وەفای کوردان
تەی کە شاخ و کێو و هەردان
فریام کەوە بەم زووانە
شەماڵ وتی: بە چاوانم
درێغ ناکەم تا دەتوانم
بۆت دەچم بە دڵ و گیانم
ئەم خزمەتەم لا ئاسانە
نامەم نووسی بە خوێنی دڵ
بۆ یاری ڕوومەت پەڕەی گوڵ
خوێندم وەک بلبل لەسەر چڵ
بە نەغمەی شۆری مەستانە
شەماڵ نامەم پێچایەوە
تەکێکم دا بە لایەوە
زامی جەرگم کولایەوە
دڵی سووتا بەم گریانە
بە پاڕانەوە و دەخیلی
کەوتە ڕۆین بە تەعجیلی
وەری گرت نامەی زەلیلی
فێری سەفەری شەوانە
شەماڵ بە ڕابەری لەیلا
شنەشن لە نصف الليلعربیا
گەیشتبووە خزمەت لەیلا
لەیل نوستبوو ئەم وەختانە
کەنیز و خادم بوون لەوێ
ئەوان ئێشکچی بوون شەوێ
پرسیبوویان تۆ چیت ئەوێ
چۆن گەیشتیتە ئەم مەکانە
وتبووی من هاتووم لە کۆیە
نامەی مەجنوونێکم پێیە
بۆ یارێکی سەمەن بۆیە
ناوی شەهەنشای خووبانە
وتبوویان لەیل نووستووە
زوڵفی پەرێشان کردووە
مار دەوری گەنجی گرتووە
ڕێی کەس نادا لەو زوڵفانە
کاتێک لەیل لە خەو هەڵسابوو
لەو ورتەورتە ترسابوو
لە کەنیزەکی پرسابوو
کێیە لەم دەور و دووکانە
وتیان: قوربان شەماڵە هات
بە نامەوە هاتۆتە لات
عەرزەی مەجنوونی دوور وڵات
هەر جانفیداکەی خۆتانە
نامەکەی لە شەماڵ وەرگرت
داوای قەڵەم و دوێتی کرد
جوابی نووسیەوە دەستوبرد
بەو دەستە و بەو پەنجە جوانە
نووسیبووی: یاری وەفادار
وەک بلبلێکی ناڵەکار
عەشقی خۆت کردبوو ئیزهار
خۆش بوو ئەم ئاە و فوغانە
ڕاوەستە تاکوو بەهار دێ
ناڵەی بلبل لە گوڵزار دێ
وادەی دیدەنی دڵدار دێ
وەرە بۆن کە ئەم سێوانە
شەماڵ تایەک لەم زوڵفانە
کە زنجیرە بۆ دێوانە
ئەیدەم بە تۆ بە نیشانە
بۆی بەرە شفای زامانە
شەوێک لەوێ نیشتبووە باڵ
بە هێزی عەتری زوڵف و خاڵ
بە تیری نیگای چاوی کاڵ
کەوتبووە ئەم ئاسمانە
مژدە بێ شەماڵ هاتەوە
بە نامە و بە خەڵاتەوە
زامی دڵ چاک ئەکاتەوە
هەی هەی لەم ئاگر بارانە
شەرت بێ تا من زیندووم شەماڵ
ئەمەم دەرنەچێت لە خەیاڵ
تۆ منت هێنایەوە حاڵ
وەفا هەر وەفای کوردانە