٢٤

از کتاب:
کارمامز
اثر:
علی حسنیانی (1939-1992)
 5 دقیقه  992 مشاهده

شەوی پێنجشەممۆ دوای شێو کردن گۆران جارێکی دی بەرنامەی کاری سبەینێی دووپات کردەوە. کوڕەکان گشتیان ئامادە بوون. هەر یەکە ئەرکی خۆی باش دەزانی. وریا لە هەموویان زیاتر دڵی سوار بوو. خوداخودای بوو زوو ڕۆژ بێتەوە. ئۆقرەی لێهەڵگیرابوو. هەڵستا لە ئەشکەوت وەدەر کەوت. چاوەکانییەک لە تەنیشت دارەبەنێک دەهاتە دەر و بە لووزەو بەرەو ناخی دۆڵ شۆڕ دەبۆوە. بەردێکی پان لە قەراخی ڕۆنرابوو کە جار و بار وریا لە سەری ڕۆدەنیشت و مەلی خەیاڵی لەوێوە بەرەو دنیای ڕابردوو هەڵدەفڕی و پاش سووڕ و خولدانەوەیەک، تەماشای دیمەنی وەک بوومەلێڵی داهاتووی دەکرد.

ئەو شەوەش بۆ ئەوەی وەڕەزیی خۆی بشکێنێ، دیسان چۆوە لە سەر تاتەبەردەکەی دانیشت و پاڵی وە دارەبەنەکەی دا. دەنگی مەلانی لێڕەوار تێکەڵاوی خوڕەی ئاوی کانی دەبوو و مۆسیقایەکی گیانپەروەریان دەخوڵقاند... شنەی ئارامبەخشی شەماڵ بە هەوای ئەو مۆسیقایە گەڵای دارانی وەسەما خستبوو... مانگ، ڕووگەی دڵداران، وەک جوانەکچێکی شەرمین خۆی لە پشت گەڵا و لق و پۆی داراندا حەشار دابوو و جارجارە کە گەڵا و هەژگەڵ لە دیتنی ئەو کیژە هەمیشە جوانە مەست دەبوون و خۆیان بەم لا و ئەو لادا دادەدا کەمێک ڕووبەندی لە سەر ڕووی وەلا دەچوو و خۆی دەنواند... جارێک لەو جارانە بوو کە چاوی بە وریای ئەوینداری بێقەرار کەوت کە لە ژێر دارەبەنی ئەو بەری دۆڵدا چاوی تێبڕیبوو... دەتگوت وێنەی مامزی تێدا دیوە کە چاوی لێ نەدەترووکاند... مانگ بەزەیی پێدا هات و بۆ ئەوەی لە نەشئەی بادەی ئەوین خومار نەبێتەوە، خۆی بەرزتر کرد و بە چاکی خۆی نواند... .

هەر کە پەردە لە سەر ڕوومەتی بووکی ئاسمان وەلاچوو مەلانی لێڕەوار گەیشتنە ئەوپەڕی مەستی و سەرخۆسی... دەنگیان بەرزتر کرد... دەتگوت بەخێرهاتنی دەکەن و پێیدا هەڵدەڵێن... .

وریا چاوێکی بە لێڕەواردا گێڕا. هەتا چاو هەتەرەی دەکرد دارستانێکی چڕ و پڕ بوو... سەری هەڵێنا چاوی لە چەتری دارەبەنەکەی ژوور سەری کرد. «سیامەند» ی وەبیر هاتەوە. ئەو گیانبازەی ڕێگای ئەوین و دڵدارییە کە بە گیان فیدا کردن لە ڕێگای ئەوینی خەجی دڵداریدا چووە ڕیزی ئاشقە بەناوبانگەکانی مێژووەوە... دیسان مەلی خەیاڵی ئارامی نەگرت و بەرەو دنیای ڕابردوو هەڵفڕییەوە... سەردەمی منداڵیی وە بیر هاتەوە کە نەنکی چیرۆکی خەج و سیامەند، مەم و زین، ناسر و ماڵماڵ، شێخی سەنعان و... بۆ دەگێڕایەوە... زەمانی منداڵیی و لاویی بە بیردا ڕابرد... وە بیری هاتەوە کە تاقانە و نازدار بوو و بە فیکریشی دانەدەهات ڕۆژێک ئاوارەی کەژ و کۆ بێ. دیمەنەکانی ڕابردوو دەهاتن و دەچوون... کاتێ «کاوەیس» داوای لێکرد بێتە ڕیزی شۆڕشەوە و وێڕای لاوەکانی دی دەست بە خەبات بکا، کاتێ کە دەستەی ئەوان ناسران و ناچار بوو ڕاکا و خۆی وەشێرێ، کانیپەری، مام برزوو، پوور ئەستیلان، کوێخا ئەمەر، حەمەدەمپەل، مامز، ئاسۆ و... گشتی بە بەرچاودا هاتن و ڕۆیین... وە بیری هاتەوە کە چۆن فریوی زمانلووسیی کوێخا ئەمەری خواردبوو و ئەگەر بەختی یار نەبا ئێستا بارستایەکی گڵ لە سەر گەدەی بوو... بە خۆی گوت:

- ڕاستە دەڵێن «پیاو تا نەمرێ نازانێ چی لێ بەسەر دێ.»

بەسەرهاتی وریا لانی کەم بۆخۆی سەیر و سەمەرە بوو. مەلی خەیاڵی لە سنووری ڕابردوو و داهاتوو نیزیک دەبۆوە... وە بیری هاتەوە کە چەند ڕۆژ بەر لە ئاسۆ لەگەڵ چەند کەس لە هاوڕێیەکانی بە ڕێنوێنی سمکۆ هاتبوونە دۆڵەشین و هەر کە چاوی بە ئەو کەوتبوو کەم مابوو کوت و پڕ بێ... سڵاو و ڕۆژباشی لەبیر چووبۆوە. لە ئامێزی گرتبوو و وەک شێتان گوتبووی:

- وریا! وریا گیان! ئەرێ ئەوە بۆخۆتی، ماوی، بڕوا بکەم، ئەدی بۆ دەیانگوت کوژراوی و تەرمەکەشتیان دیتۆتەوە...؟

- وا باشە، با هەر وا بزانن... .

- بێچارە مامز نازانی لە سوێی تۆ چی لێهاتووە؟ ئەدی بۆ وەڵامی لێ نانێری و لە مانی خۆت ئاگاداری ناکەی و لە سیاچاڵی نەهاتی و چارەڕەشی دەریناهێنییەوە؟

- جارێ با هەر وا بزانێ کە نەماوم. تکایە تۆش باسی مەکە.

- باشە دەنگ ناکەم، بەڵام نازانم چۆنت پێ بڵێم...؟

- بۆخۆم دەزانم. لە حەمەدەمپەل مارە کراوە. دەتەوێ ئەوەم پێ بڵێی؟

- ئا. «تارا» ش... .

- بەڵێ. تاراش لە داوی کوێخا ئەمەر کەوتووە، بەڵام نیگەران مەبە. کوێخا ئەمەریش و «حەمەدەمپەل» یش ئەو ئاواتەی دەبەنە ژێر گڵ... .

کاتێک ئاسۆ بەرەو کانیپەری دەگەڕایەوە هەموو شتێکی دەزانی. وریا بیری لە سبەینێ کردەوە:

- سبەینێ بۆ من، بۆ مامز، بۆ تارا ڕۆژێکی چارەنووسسازە... ئاخۆ چۆن دەبێ؟ مامز دەستی لە من شۆردووە، لەناکاو بزانێ ئەمن ماوم دڵی ڕاناوەستێ، ئاخۆ لە دوایەدا چۆن دەبێ؟ لە داهاتوو...؟

دەیان پرسیاری بێ وەڵام مێشکیان دەسمی. نوقمی دەریای خەیاڵ بوو. نەیدەزانی لەو دەمەدا چاوە بە فرمێسکەکانی مامزی خەمبار لەگەڵ مانگ خەریکی ڕاز و نیازن و فریشتەی خەویان لێ زیزە... نەیدەزانی کە کارمامزەکەی لە ژێر باری گرانی بەسەرهاتدا چەماوەتەوە و ورد بووە... نەیدەزانی هەمیشە ئاسک ڕاو دەکرێ، بەڵام ئەم جار ئاسک دەیهەوێ ڕاوکەر ڕاو بکا... .