وەفدی کوردستان، میللەتفرۆشان

از کتاب:
دیوانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
 1 دقیقه  2249 مشاهده
وەفدی کوردستان، میللەتفرۆشان
هەرزە وەکیلی شاری خامۆشان!
چەپکێ لە گوڵەکەی، باغەکەی سەرا
کە بە خوێناوی لاوان ئاو درا
بیبەنە خزمەت عەرشی عیراقی
بڵێن یار باقی و هەمسوحبەت باقی
پەردە و تارای سوور بەرن بۆ ئەمیر
بڵێن پاش کوشتار، هێشتا تۆی دڵگیر؟
دەک خەجاڵەت بن لە ڕووی مەحشەرا!
ئێمە خاکی غەم ئەکەین بە سەرا
ئێوەش ئەو عەرشەی بە خوێن گوڵڕەنگە
سوجدەی بۆ ئەبەن هیچ ناڵێن نەنگە
کورد نەمردووه، خەیاڵتان خاوە
بەراتی نەجات بە خوێن نووسراوە
من ڕەنگی سوورم بۆیە خۆش ئەوێ
مژدەی شەفەقی لێ دەس ئەکەوێ