شا هەڵات

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 3 دقیقه  716 مشاهده

شا ڕای کرد؛ حکوومەتی مەلایان دامەزرا. ڕۆژێک پیاوێکی مل باریک بە ناوی «فەخرەددین ئەنوار» هات کە من ڕەئیستانم. کۆی کردینەوە و قسەی بۆ کردین: ئیتر لەمەو بەولا باسی ئێران و ئێرانی نەما؛ دەبێ بڵێن موسوڵمان و هیچی تر... زۆر فەرمایشی تری لە دوو دا. گوتم: من تێت نەگەیشتووم. ئەوی من دەیزانم، عەرەبی پێش ئیسلام تەنیا کتێبێکیان نەبووە. خوێندەواری بە عەیب حیساب کراوە. تاجرانی مەککە بۆ حیسابی دەفتەرداری نووسەریان بە کرێ گرتوون کە بە خەتی سوریانی بۆیان بنووسن. عەرەب نەیانزانیوە کەوش و دەرپێ چییە. لە پاش فتووحاتی ئیسلام جل دەبەر کردن و تەرزی خواردن و ژیان لە ئێرانییان فێر بوون. ئێستا چۆن دەتەوێ باسی ئەبووعەلی سینا، ڕازی و زۆر لەو زانایانەی خزمەتی زۆریان بە ئیسلام و زمان و فەرهەنگی عەرەب کردووە تەنیا بڵێین موسوڵمانن و نەوێرین بڵێین خەڵکی کوێ یان سەر بە کام نەژاد بوون؟! گوتی: نا، بەو ئەندازەش ناڵێم!... لە پاشان لە هەر کەسەی پرسی کارت چییە؟ دەبوایە کارەکەی دەگەڵ بەرنامەی تەلەفزیۆن پەیوەندی هەبێ. کە لە منی پرسی، گوتم: من لێرەدا سیفرم! فەرهەنگ دەنووسم؛ عەرەبیم تەرجەمە کردووە؛ کە هیچیان بۆ تەلەفزیۆن نابن. دەفەرمووی بڕۆم؟ گوتی: نا تۆ هەر کاری خۆت بکە!

بەوەدا بیرم کەوتەوە کە زەمان شا جارێک چووینە لای کابرایێک، کە مودیری بەشی دووهەمی تەلەفزیۆن بوو. لە پاش زۆر تاریف کردن لە خۆی، گوتی دەبێ کاری هەر کەس بۆیە ببێ کە بکرێتە فیلم و نیشان بدرێ یان سیناریۆی لێ دروست بێ یان نازانم چی... کە لە منی پرسی کارت چییە؟ گوتم: مەلایەک وەعزی دەدا، گوتی: هەر کەس چاوێکی نەبێ نیوە پیاوە؛ هەر کەس عیلمی نەحوی نەخوێندبێ، نیوە پیاوە؛ هەر کەس مەلە نەزانێ، نیوە پیاوە. کابرایەک هەڵیدایە: لەو قەرارەی تۆ دەفەرمووی، من نیوە پیاوێک قەرز کەم تازە دەبمە هیچ!

ڕۆژێکی تر «فەخرەددین ئەنوار» هات و هەمووی کۆ کردینەوە. بە کزێکەوە و لە بن لێوان بەیاناتێکی دەس پێ کرد؛ گوتی: ئێمە دەبێ هێندێک کەسان لە ناو خۆمان هەڵوەژێرین. دەبێ سەدی سەد ئیسلامی و بەرانبەر بە دڵی ڕژیم بمێنن. ساکەکەم هەڵگرت و جەلسەم بەجێ هێشت. دوو ڕۆژ دوایی کە چوومە ئیدارە، لە دەرگا وێستابوو. گوتی: وەرە ژوورەکەی من! گلەی کرد:

- ئەو ڕۆژە من تۆم لە بەرانبەر خۆم دانا؛ زۆرم قەدر گرتی. هەر دەستم بە قسە کرد بەجێتهێشتم. ئەوە جوان نەبوو!

- ئاغای ئەنوار! تێدەگەیشتم چ دەفەرمووی. هەر گوتت هەڵوەژارتن، دە فیکی خۆم گەیشتم. گوێ بگرە! من کوردم؛ مەهابادیم؛ بابم شافعیی سوننی بوو؛ بۆ خۆم شیعە نیم، سوننیش نیم؛ ناوم عەبدوڕڕەحمانە؛ کە قاتڵی ئیمام عەلیش عەبدوڕڕەحمانی ناو بووە. ئەوانەم هەموو گوناهن لە نەزەری ئێوەدا. نزیکەی شێست ساڵ لە عومرم بە خۆڕایی چووە؛ دەفەرمووی بڕۆم؟!

- کێ دەڵێ بڕۆ؟ نەخێر کاری خۆت بکە!