شەرحی دیوانی جزیری و مێژووی ئەردەڵان بۆ ڕادیۆ کوردی

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 6 دقیقه  772 مشاهده

جەعفەریان گوتی حەز دەکەم وشەی فارسی کە بوونەتە عەرەبی کۆ کەیەوە و هەر کتێبێکت بوێ تەهیەی دەکەم و بە دوو ڕۆژ بۆت دێنن. لە بەشی کوردی چووبوونە لای کە هەژار با کاری بەرنامەی کوردی بکا. گوتبووی ئەگەر خۆی حەز نەکا نابێ کەس ناچاری بکا.

«دوکتور محەممەدسدیق موفتیزادە» - کە بەرپرسی بەرنامەی کوردی بوو - زۆرم لە دەوردا هات کە هاوکاریی بکەم. پێم گوت: برا! بە ئارەزووی خۆم کاری خۆم هەڵنەبژێرم، نایکەم. نەچی ئینقلابی سپی و تەمەدونی ڕەشم بدەیەی! مەلای جزیری شەرح دەکەم و تاریخی ئەرەڵانیش؛ ئیتر چیتر... ئەمجارە بە بەرنامە بوو؛ هەر بەرنامەی چوارسەد تمەن، نزیکەی پێنج هەزار تمەن مانگانە دەکەوت.

خواهیشم کرد «خالیداغای حیسامی» وەک من بەرنامە بنووسێ، قبووڵ کرا. بەڵام زۆر زوو عەریزەی دابوو بە جەعفەریان کە دەبێ منیش وەک هەژار حیساب کەن و بە قەد ئەوم بدەنێ. جەعفەریان نووسیبووی هەر ڕای مەگرن!

باوەڕ دەکەی یان نا، کەیفی خۆتە! ماوەی نزیک چوار ساڵ، کە لە ڕادیۆی زەمانی شادا نووسیومەوە، یەکجاریش ناوی «ئەعلاحەزرەت ئاریامیهر»م بەسەر قەڵەمدا نەهاتووە. هەمیشە خۆم لێ دزیوەتەوە...

کاتێ «قانوون» لە چاپ درا، جیرانێکی ساواکی زۆر نازک و موحتەرەمم هەبوو -تاجداری - کە بە سەر کاری بێگانەکان ڕادەگەیشت. گوتی: لە پشتی بنووسە «دیاری بۆ شەهبانوو». وا دەکەم جایزەی کتێبی ساڵت بدەنێ. گوتم: من کابرایەکی کوردی دەربەدەری کەس نەناس، ڕێم ناکەوێ بۆ شابانوو دیاریی بنێرم! خۆم لەوەش دزیەوە.

لە ڕاستی لا نەدەم: جەعفەریان بۆ مەلا جەمیل و من زۆر باش بوو؛ خوا جەزای خێری بداتەوە. «قوتبی» کە مودیر عامیل بوو چووبووە کرماشان و کوردستان، قەولی دابوو کارخانەیەکی ئەمرازی مۆسیقای کوردی دامەزرێنن. نامەیەکم بۆ جەعفەریان نووسی لە ١٥ ڕووپەڕەدا. پوختەکەی ئەمە بوو:

«ئێوە کە زمان لووسان پێتان دەڵێن کورد شا پەرستن و نیشتمانی ئێرانیان خۆش ئەوێ، فریوتان خواردووە. هەموو کوردێک ڕقی زۆری لە ئێران و ئێرانییە...» بە دوور و درێژی زوڵمی دەوڵەتانی لە سەفەویڕا تا ئەمڕۆم نووسیبوو کە: «ئێستاش عومەر ناو لە تاران خۆی ناو دەنێ ئەمیر، بابەکر دەبێتە باقر... لە ڕادیۆ ئێمە کوردی دەڵێین، بەڵام کتێبە کوردییەکان لە عێراقەوە بە قاچاغی وارید دەکرێن و ئەگەر ساواک بیانگرێ واوەیلایە! زۆر شەرمە بۆ دەوڵەتێ کە دەڵێ کوردیش لە خۆمانن، ڕێگەی چاپ کردنی کوردی نەدا و عەرەب ڕێگە بدەن! ئەگەر قوتبی پووڵی زوڕنا و دنبەگی دابا بە چاپخانەیەک و بمانگوتایە کێ کتێبی بە کوردی هەیە، یان بۆی چاپ دەکەین و بە ئەقسات مخاریجی چاپەکەی بداتەوە، یان لێی دەکڕین و چاپی دەکەین، ساواکیش تماشای کردبا، ئەگەر دژی سیاسەتی شای تێدا با، لێی فڕێ بدا، هەم کورد لێتان ڕازی دەبوو، هەم پێویست نەدەبوو بە دزییەوە کوردی چاپکراو لە عێراقەوە وارید کەین و لە ترسی ساواک وەیشێرین...».

جەعفەریان ئەو عەریزە دوور و درێژە و پازدە ڕووپەڕەی دابوو بە قوتبی. قوتبی مەلا جەمیل و منی بانگ کردە ماڵە خۆی. قەولی دا کە ئەم کارە بکا و چاپخانەیەک تەرخان بکا بۆ کوردی چاپ کردن. بەڵام مەودا نەما تا بزانین دەیکا یان نا... هەرای دژی شا قەوما. جەعفەریان ئیعدام کرا. قوتبی هەڵات. لە ڕۆژانی ئاخردا بوو؛ جەعفەریان لە ماڵە خۆی بوو. گوتبوویان جارێ لە کار دوور بێ. دەگەڵ مەلا جەمیل چووینە لای. «سولەیمانی» - کە مودیری «برون مەرزی» بوو - لەوێ بوو. بە تەنیا پێی گوتم: جەعفەریان تازە تەرجەمەی قانوونی دیوە. پێش هاتنت بە منی گوت زۆر بەداخەوەم کە قەدری هەژارم نەزانیوە. ئەو کارەی ئەو کردوویە لە دەست کەس نایە. ئەگەر لەوە بەولاوە بچمەوە سەر کار، دەبێ وەک لازمە قەدری بزانم...

ببووە تەزاهورات و هەر کەسە «مرگ بر شاە» (شا بمرێ) ببووە بنێشتە خۆشکەی زاری. خانمی مەسئوولی «پەژووهشی ئێران زەمین» بانگی کردمە ژوورەکەی خۆی:

- هەژار! دەڵێن تۆ لە شەڕی چریکی شارەزای. ئەگەر شا نەڕوا تۆ دەبێ ببیە سەردەستەمان بۆ شەڕی چریکی.

گوتم: خانم فەرەحبەخش! دوعا لە خودا بکە پەشیمان نەبیوە. ئێمە لە عێراق ئاوامان کرد و پەشیمان بووینەوە و زۆریشمان جزیای کاری خۆمان دیت...

ئەو ڕۆژە بە قەڵسی جوابی دامەوە؛ بەڵام لە هەوەڵین دە کەس کە دەریانکرد و گوتیان تاغووتییە، یەکیان ئەو خانمە بوو! ڕۆژێک هات گوتی بەڵێ پەشیمانەکە منم و تازەش هیچم بەڵام ناکرێ.

من کە قانوونم تەرجەمە کرد و چاپ کرا، بەر لە چاپ دەرچوونی، «دوکتور فەرەهوەشی» لە ئینتیشارات نەما. «دوکتور عیرفانی» ناوێکی تورکی ئازەربایجانی هاتە جێگەی کە پاکنووسی قانوونەکەی کردبوو؛ یەک بەش لە دوو بەشی حەقی تالیفی درابۆیە. لام وایە لەوە نانەجیبتر کەم هەبووە. گێچەڵی تێهاڵاندم: پێشەکییەکم نووسیبوو، هەر چونکە ناوی کوردم بردبوو قبووڵی نەکرد. دەبوایە چل نوسخەم بداتێ، پێی داگرتبوو کە پازدە نوسخە بدا. کە دوکتور فەرەهوەشی گوتی دەبێ چل نوسخەم بدەنێ، سی و نۆی دامێ:

- تۆ پەڕ پەڕ بردووتەوە بۆ غەڵەتگیری، دەکاتە نوسخەیەک!!

ناچار ئەو نوسخەم بە پووڵ لێ کڕی، گوتم: بڵێ با بۆم بەرنە ئەمیراباد.

گوتی: ئاغا ئێمە ماشێنمان نییە بیدەین بە تۆ. بچۆ تاکسی بێنە!

چاوەنۆڕی تاکسی بووم، دوکتور «سەیید جەعفەری سەججادی» هات؛ بۆم گێڕاوە. گەڕاینەوە، بە کارمەندێکی گوت، کتێبەکانیان بۆ بردمە دووکانێک لە ئەمیراباد. لە حیسابدا دیتم «عیرفانی» دەیەوێ شتێکم لێ بدزێ... هەر چۆنێک بوو خەلاسیم هات. جڵدی دووهەمیشم تەرجەمە کردبوو. پاش دوو ڕۆژ عیرفانی تەلەفۆنی کرد:

ئوستاد! زۆر زوو جڵدی دووهەم بێنە تا چاپی بکەین!

گوتم: جەناب! تا تۆ ماوی نامەوێ بەقاڵێکی وەک تۆ ببینم. کتێب ئاگر دەدەم و نامەوێ چاپ بکرێ.

هەر نەمدیتەوە تا گوتیان بە دەرمان خۆی کوشتووە.

هەرا و کوشت و کوشتار و تەزاهورات لە تاراندا پەرەی ساند. تەنانەت ڕۆژێک دەگەڵ زاگرۆسی کوڕم لە مەیدانی بیست و چواری ئیسفەند کەوتینە نێوان تەقەوە. زۆر کەسم دیت لەبەر چاومان کوژران. خۆمان خستە دووکانێکەوە؛ کابرا دەرکەی داخست تا ئەهوەن بۆوە و دەرچووین.