لە تاران بەدووی کاردا

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 2 دقیقه  816 مشاهده

«مەلا جەمیل ڕۆژبەیانی»- کە باسم کرد- دۆستی زۆر لە مێژینەم بوو؛ هەر لە بەغدا دەمناسی. لە ئەدەبیاتی عەرەبی و کوردی و تورکی، زۆر نووسەری چاکە. لە هەمەدان، کە لە جەلال و جەماعەتی جوێ ببۆوە و هاتبووە تاران، قەولیان پێ دابوو بیکەنە مامۆستای دانشگا. بەڵام درۆیان دەگەڵ کردبوو. لە ڕادیۆی «بروون مەرزی» دامەزرابوو. هەرچەند بە مەلا مستەفایان گوتبوو دژی تۆیە، بەڵام هەر خۆشم دەویست. «شەمسەددین فەقێ» بە ناوی «ئەمیر قاسمی» لە تاران وەکیلی بارزانی بوو. جارێک هاتە حاجی ئۆمەران، نامەیەکم دایە بۆ مەلا جەمیل، دوعا و سڵاو و ئەحواڵپرسی. نامەردی کردبوو، بە بارزانی گوتبوو هەژار ئێستاش دەگەڵ مەلا جەمیل دۆستە. بارزانی لێی پرسیم، گوتم: بەڵێ نامەم بۆ ناردووە. من مەلا جەمیلم زۆر خۆش دەوێ چونکە زانایەکی گەورەیە و فەرقی دەگەڵ مەلایانی کورد زۆرە کە هیچیان هیچ نازانن... دوو نوسخەش شەرەفنامەم بۆ ناردبوو کە یەکیانی دابوو بە دانشکەدەی ئەدەبیات. هەر کە هاتمەوە تاران دیتمەوە. زۆر دەچوومە مەنزڵەکەی. ڕۆژی جومعان دەچووینە دەری تاران بۆ سەیران. پێکەوە چەند جار چووینە دۆڵی چالووس و وەرامین.

قەرار درا کە ماڵەکەم بێنمە کەرەج و لە بارزانی نزیک بم. چوومەوە سابڵاغ، دەگەڵ چەند ماڵە عێراقییەکی لە نەغەدە و سابڵاغ هاتمە کەرەج و لە خانوویێکدا- کە ئێستای تێدام- دامەزرام.

دەگەڵ مەلا جەمیل کەوتینە کار پەیدا کردن بۆ من. عەریزەیەکم نووسیبوو بەبێ ئەوە ناو کەس بڵێم: من کە ناوم و شۆرەتم فڵانە. عەرەبی و فارسی و کوردی دەزانم. ئەگەر کارێک هەبێ دەیکەم... دەگەڵ مەلا لە زۆر دەرگامان دا، کەس گووی بە کڵاومان نەپێوا! ڕۆژێک چووینە ئیدارەی «خانلەری» کە شاعیری مەشهوورە مەلا جەمیل گوتی: ئەم شیعری هەڵۆی- کە تۆش نەزمت کردووە- کردۆتە کوردی. گوتی: ئاردێسم دەنێ کارێکی بۆ دەدۆزمەوە. بە خوا ئەویش هیچی لێ شین نەبوو.