دینار باران

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 3 دقیقه  886 مشاهده

«شوکور مستەفا» و «محەممەدی مەلا کەریم» بوونە هاوکارمان. مام هێمنیش لە کۆڕ بەشدار بوو؛ توحفەی موزەفەریەی درایە کە بیخاتە سەر خەتی خۆمانە.

قەرار درا لە ماوەی پێنج ساڵدا فەرهەنگێکی کوردی بە کوردی زۆر تەواو دەرخەین؛ «دوکتور ئەوڕەحمانی مەلا مارف» کە شەش ساڵ لە لینینگراد دەرسی فەرهەنگ سازکردن فێر ببوو بە سەری ڕابگا. «مەلا عەبدوڵڵا حەییاکی» پێی سپێرا فەرهەنگی مەردۆخ بکاتە فیش.

لەو ماوەیە کە لە بەغدا بووم دوکتور قاسملوو، مەلا عەبدوڵڵا حەییاکی و حەسەن ڕەستگار و مەلا ڕەسووڵ پێشنمازی و مام هێمنم زۆر دەدی و هاتوچۆمان زۆر بوو. زۆر جار قاسملوو دەهاتە ماڵ «مەعکەرۆنی» بۆ لێ دەناین؛ زۆر دەستاوی خۆش بوو. قاسملوو ماوەیەک مامۆستای دانشگا بوو. پاش سەفەری ئورووپای، جارێکی تر کە هاتەوە، لە وەزارەتی «تخطيطعربی» (تەرحڕیزی) دامەزرابوو؛ مانگی سێسەد دیناری وەردەگرت و دەیکردە مخارجی هەواڵانی حیزبی خۆی.

وێ کەوتین بیست و شەش فەرهەنگی کوردی بە زمانانی غەیرە کوردمان پەیدا کرد. کەوتینە فیش سازدان. گوتیان مەلا خەلیل سولەیمان لە «شێخان»ی پشت مووسڵ، فەرهەنگێکی بادینی نووسیوە و لەسەر یەزیدییەکانیش بە عەرەبی کتێبی هەیە. خەبەرمان بۆ ناردووە، قبووڵی نەکردووە هاوکاریمان دەگەڵ بکا. من ئەو کارەم وەستۆ گرت. لە ڕێگەی هەولێرەوە چوومە مووسڵ. شەو بوو؛ ڕانندە حازر نەبوون بمبەنە شێخان؛ کە شەوانە ڕووت دەکران. گوتم برا من کەس ڕووتم ناکا. دڵم دانەوە و دەگەڵ دوو پۆلیس بردیانمە شێخان. بوومە میوانی فەرماندار کە ناوی «حاجی ڕەسووڵ» و خەڵکی سولەیمانی بوو. ناردم لە دووی مەلا خەلیل. دەمێک بوو دەمناسی؛ شاعیرێکی زۆر پیر و زۆر فەقیر. شەو زۆر خۆشمان ڕابوارد و سبەی مەلا خەلیل بردمیەوە ماڵە خۆی. لە ڕێ باسم کرد کە فەرهەنگەکەت زیراکس دەکەین؛ لە فەرهەنگی گەوەردا سوپاست دەکەین کە لە تۆ بەهرەمان وەرگرتووە. کتێبە عەرەبییەکەی سەر یەزیدییانیشت لەوانەیە بە ناوی تۆ چاپ بکەین؛ هیچ نەبێ نافەوتێ و تۆ کە چەند جار ماڵت سووتێنراوە و کتێبت فەوتاون، ئەوانەت بۆ دەمێنن. باش وایە بمدەیەی بیانبەم. پووڵێکیشت دەدەمێ.

گوتی: دەتوانی سی دینارم بدەیەی؟!

[ئەی مامۆستای بێچارە! پووڵی دەوڵەت نەدرێ بە تۆ، بە کێ بدرێ؟]

- دووسەد دینارت نەغد دەدەمێ؛ کتێبەکانیشت هەر موڵکی خۆت بێ.

- هەژار کە وا بێ دەتوانم خانوویێک درووس کەم!...