شەکالا خۆ پاوێژە!

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 2 دقیقه  688 مشاهده

- یانی شەکالا خۆ پاوێژە! مووسا شەکالا خۆ ئاڤێت، ئاگر ڤەمرد. لڤێ گاڤێ رە هەر کەس گهایە ڤێ دەرێ، دبە شەکالا ژ خۆ کا و خواس بمەشە.

لەبەر مرقەی پێکەنینی حافز نەموێرا بپرسم دەی خودا چەندی عومر مابوو؟ ترسام فەقیر قوشتی ببێ و بەجێم بێڵێ. بەداخەوە نەمزانی خودا کەی لە دنیا دەردەچێ!

- دەی ئەزبەنی، تە پلا سڵاتێ مە دیت؟

- بەڵێ، وەباڵ بەستۆم پرد وا دەبێ، جیپی بەسەردا دەڕوا. پردی سیڕاتی موسوڵمانان لە موو باریکتر، لە ئەڵماس تیژتر، ڕێگەی سەد ساڵ دوور هیچ تەنافبازێکی لۆتیی بیجاڕیش ناتوانێ لێی بپەڕێتەوە! هێندێک وەک کەڵەبەردم لە دەوری پردی سیڕات دیت، ئەوانە چ بوون؟

-برا سیخوڕ زۆرە، بێستانان ناهێڵن. لاوەکانمان لەپشت ئەو بەردانە شەوانە خۆ مات دەکەن سیخوڕان دەکوژن!

- ئافەریم پردی سیڕات، هەم زیارەت و هەم ڕاوە سیخوڕ!... ئەگەر چووینە زیارەتی مەرقەد شکڵی مارم لە درگا دیت چەند شتی وەک لینگە تەرازووی بە زنجیر هەڵواسراوی لێ بوو. ئەوانە چن؟

- شکڵی مار مەپرسە، بەڵام بە خودا بەدڵ دەمزانی ئەو پرسیارە دەکەی! ئەو لینگە تەرازووانە ڕۆن و پڵیتەیان تێ دەکرێ بۆ ڕووناکایی. نابێ نەوت بچێتە بارەگای شێخ هادی.