سەفەرێک بۆ لالەش

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 10 دقیقه  1005 مشاهده

گوتمان با بچینە «لالەش» کابەی یەزیدییان. عەبدوڕڕحمان قازی پێشمان کەوت. بەبێ ڕێگە، بە ناو دڕوە زەردەدا تاوێکی باش ڕۆیشتین؛ هەموو بەلەکمان بریندار بوو. دامانە چیا. پێشڕەوەکەمان ڕوتبەی ئامیر لیوای هەبوو؛ ئەفسەرێکی بەناوبانگ، لە ڕێ ڕۆیشتن ماندوو نەدەبوو. هەر فەرمانیشی دەدا: «دوا مەکەون!». حافز و من شڕۆڵترین و تەنبەڵترین پێشمەرگەی دنیا بووین؛ هەناسەمان سوار ببوو، دوعامان دەکرد یاخوا تەیارە بێ و بتوانین دانیشین. بۆ یەکەم جار دوعامان قبووڵ بوو. پێشڕەو ئەمری کرد:

- دانیشن تەیارە هات.

- ئۆخەی!

- هەستن تەیارە ڕۆیشت.

لە چیاوە سەرکەوتین و تووشی سەرەولێژێکی زۆر کووڕ بووین. ڕادیۆکەم بە کاک عەبدوڕڕەحمان بوو. بەردێکی لە بن پێ دەرچوو، ڕەتی برد و سێ چوار سەرمەقولاتی دا و تەخت لە عەرز درێژ بوو. من بێ ئەوە فکر بکەمەوە گوتم: خۆ ڕادیۆکەم نەشکاوە؟!

- ئای ماڵت وێران کەی دەبێ، ئەوە من دەمرم، ئەو دەڵێ ڕادیۆکەم!

گەیشتینە دەشتایی، ڕوومان کردە گەلی لالەش.

مەلای جزیری فەرموویە:

دل گەشتەمە ژ دێرێ، ناچم کەنشتەیی قەت میحرابی وێ بە من ڕا وەر دا بچینە لالەش لە کتێبەکانی باسی مەشایخاندا بە تایبەتی لە «تەزکەرەتولئەولیای عەتار»دا باسی شێخێک بە ناوی «عەدی بن مسافر» هەیە کە لە ڕەفیقانی خۆشەویستی غەوسی گەیلانی بووە. ژیانی شاران و زۆری یاران لە بەر چاو کەوتووە و لە چیای هەکاری، لە کوختەیەکدا دوور لە دنیا ژیاوە. مریدە کورد دەوریان داوە. لەوان زەماناندا دەستەیەک لەو سۆفییانە گەیشتوونە ڕادەیەک کە لایان وایە خودا هەمووی هەر ڕەحمەتە و بەزەیی، ڕەحمەت و عەزاب هەرگیز دانوویان پێکەوە ناکوڵێ. لەبەر ئەوە جنێویان بە شەیتانیش نەداوە و لایان وایە بوونی شەیتان ئێرادەی خوایە و بە زاراوەی ئەمڕۆ: تاکتیکی تایبەتییە؛ کە «مەنسوور هەللاج» و «جونەیدی بەغدایی» و «شبلی» و زۆر کەسی تریش لەوانە بوون. تەنانەت ئەحمەدی خانیی خۆشمان لە «مەم و زین»دا عوزر بۆ شەیتان دەخوزاێتەوە و لاگیری لێ دەکا. دەڵێ: «خوایە! شەیتان هەر چونکە سەجدەی بۆ ئادەم نەبرد و گوتی جگە لە تۆ کەس ناناسم و بۆ بێگانە سەر نەوی ناکەم، وات بەسەر هێنا؟».

لە دوای مەرگی شێخ عەدی، چەند چین خەلیفەی ئەو هاتوون و ئەم ئیرشادەیان بەڕێوە بردووە. مریدی نەخوێندەوار و دڵگەرم- کە باشیش تێنەگەیشتوون- وردە وردە پێیان لێ هەڵبڕیوە، تا وای لێهاتووە کە شەیتان بە دۆستی نزیکی خوا بزانن و ناوی بنێن «مەلەک تاوس». موسڵمانانی جیرانیان بە کافریان لە قەڵەم داون و زۆر جار قەتڵوعامیان کردوون و سوڵتانانی عوسمانیش دنەی خەڵکیان لێ داون، کە کورد بە کورد بەکوشت بدەن. کار گەیوەتە ڕادەیەک، هەموو یەزیدییەک ڕقی زۆری هەر لە موسوڵمانە و موسوڵمانیش لای ئەوان هەر کوردە موسوڵمانەکەی هاوسایانە. ئیتر هەرچی موسوڵمان بیکەن لای ئەوان خراپە. وا دەردەکەوێ کە موسوڵمانان ناوی «یەزیدی»یان بە سەردا بڕیبن؛ کە یەزید زۆر خراپە. بەڵام خۆیان دەڵێن ئێمە «ئێزدین»؛ واتا خودایی. زۆر کتێب دەربارەیانەوە نووسراوە و سەدها چیرۆکیان بۆ ڕێک خراوە؛ کە هیچیان یەکتر ناگرنەوە. هێندێک دەڵێن پاشماوەی زەردەشتییەکانن؛ هێندێک دەڵێن میترایین و زۆر شت. بەڵام من بە تێکەڵی و ئاشنایەتی و هاتوچۆ کردنی شوێن و پیاوە زلەکانیان وای بۆ چووم کە لکێکن لە موسوڵمانان و لایانداوە. هەر وەک چۆن موسوڵمانەتیی پێغەمبەر یەک تەرح بووە و ئێستا ماشەڵڵا هەزار لکی لێ بۆتەوە و هەمووش یەکتر بە کافر دەزانن و هەمووشیان ڕاست دەکەن!

ئەو شیو و دۆڵەی کە خانەقای شێخ عەدی بووە، ناوی لالەش و چونکە ممبارەک و پیرۆزە، قەت کەس دارێکی نەبڕیوە، سەرتاپا کەسکە و بەڕاستی بەهەشتێکی سەر ڕوووی زەمینە. گەلی لالەش زیارەتگای هەرە گەورەیە. پیاوە دینییە گەورەکانیان- کە هیچیشیان سیوادی نووسین و خوێندنیان نییە، جگە لە بابەشێخی ڕەئیسی دینی هەرە زل کە لە شاری «شێخان» دەژی و ساڵێ چەند مانگێک دێتە وێ- زۆریان تەرکە دنیا لە لالەش دەژین.

ڕێگەی ڕوو بە لالەش و مەرقەدی شێخ عەدی- کە یەزیدی پێی دەڵێن شێخ هادی- چەوڕێژێکی باش کراوە. من پاش پانیەم بە شەکالە خوارەکەم بریندار ببوو. کە گەینە سەر ئەم ڕێ خۆشە، شەکالم داکەند و بە پێخواسی ملی ڕێم گرت. بەسەر پردێکی سیمانیدا پەڕینەوە کە چەمێکی چکۆڵەی بە ژێردا دەچوو. هەر گەیشتینە ناو ئاوایی، «فەقیر شەمۆ» کە یەکێک لە پیاوە ئایینییە گەورەکان بوو. دەگەڵ بیست کەسێک لە دوورەوە بەپیرمانەوە هاتن. گوتمان دیارە جەنەڕاڵ عەبدوڕڕەحمان قازییان ناسیوە بۆیە هاتوون. نەخێر زۆر بە هەڵە چووبووین، هاتبوون بەپیر منەوە. سەرزارەکی بەخێرهاتنی هەواڵەکانمیان کرد. فەقیر و سۆفییەکان فڵچ و هۆڕ ملیان لە ماچ کردن و لە باوەش گرتنی من نا. هەزار جاریان گوتبێ «تە بخێر هاتی سەر چاڤا، سەر سەرا»، هێشتا کەمە. بەڕاستی واقمان وڕمابوو: خوایە خەبەر چییە؟ بە پاڵەپەستۆ وە پێش ژنەڕاڵیشیان خستم و چووینە دیوەخان. هەرکەس لە کیسە تووتنی خۆی جغارەی بۆ دەپێچامەوە و تا چایییەکیان بۆ برادەرانم دێنا، دوانیان لە پێش من دادەنا. «سەیدا هەژار، سەیدای دەلال» کەری نێر نەیدەکێشا!

- فەقیر شەمۆ، ئێمە هاتبووین زیارەتێک بکەین و ئەمڕۆ بڕۆینەوە.

- ئەم قسە چییە؟ سوێند بە ئەبولقاسم و شێخ شەرەفەددین و بە گۆڕی پیرۆزی شێخ هادی، سێ ڕۆژان میوانی ئێمەن.

دوای نانی نیوەڕۆ چووینە سەر «ئاوی زەمزەم» کە حەوزێکی سەر داپۆشراوە و سەکۆی لە دەورە هەڵبەستراوە و حەسیر و بەڕەی لێ ڕاخراوە. سەرچاوەی کانییەکە لە ژوورێکی دیکەدایە کە درگای داخراوە. ئاش گێڕێک ئاو، سارد وەک تەرزە، سووک وەک ئاوی حەیاتێ فڕ دەکا و دێتە حەوز و لەوێوە بۆ ئاودێری باغ و دەغڵ دەڕوا. ئەو کیژ و لاوانەی دڵیان دەچێتە یەکتر و دەبن بە دەزگیران، لە سەفەری حەج بۆ لالەش دێن لە دەوری ئەم حەوزە دادەنیشن. «فەقیر شەمۆ» یان «بابی چاوێش» یان «بابە شێخ» بۆ خۆی دوان دەباتە ژووری سەرکانی و فۆتە لە ئاو هەڵدەکێشێ و لە سەریان دەبەستێ و لێک مارە دەکرێن. ئیتر بەو جۆرە تا هەموو دڵبەر و دڵدار پێک دەگەن.

- فەقیر شەمۆ، یانی چی ئاوی زەمزەم؟

- سەیدا ئەم ئاوە ڕەگی لە ئاوی زەمزەمی حەجی موسڵمانانەوە دێ!

- های قسەی هیچ! ئاوی زەمزەمی مەککە سوێرە، تاڵە، بۆگەنە، لە بەری ناڕوا، حەددی چییە چاکترین کانیاوی کوردستان لە ڕەگی ئەو بێ؟!

دیار بوو بزەی سمێڵی دەهات؛ بەڵام دەیگوت: وا مەفەرموو، وا دەڵێن!

فەقیر شەمۆ پێشمان کەوت بۆ زیارەتی شێخ هادی. لە حەسارێکەوە ڕەد بووین. دەرگای مەرقەد، گەورە و دارین و سپی بوو. ڕەسمی مارێکی بە ڕەش لێ هەڵکەندرابوو. لە داڵانێکەوە ڕۆیشتین، لە دەستی چەپ دەرگای ژووری مەرقەد بوو. ئاشکرا دیارە مزگەوت بووە، شوێنەواری میحرابی هەر ماوە. شباکی سەر قەبر سندووقێکی زۆر زەلامی دارینە. هەر فەقیر ماچ دەکا و ئێمەش بە شوێنیدا. تێرمان هەموو گۆشەی مەرقەد ماچ کرد. فەقیر دوعای بۆ کردین و دوعای بۆ بارزانی و شۆڕشەکەی کرد و ئامینمان گوت.

لە خەڵکم بیستبوو کە شەوێکی تایبەتی لە ساڵدا، مەلەک تاوس لە پشت پەردەوە قسە دەگەڵ بابەشێخ دەکا. چاوم گێڕا پەردەیەکی سووری کاڵەوە بوو، لە سووچێکی مزگەوت لە بەرانبەر دەرگاوە هەڵاوەسراوە. پرسیم: ئەمەش زیارەت کەم؟. فەقیر گوتی: نا، کەس نابێ دەست لەوە بدا. لە دەرکەوتندا ژەنەڕاڵ لە پێشەوە و ئێمە بەدواوە، فەقیر خۆی دا دوای هەمووان. گەڕامەوە سوێندم خوارد کە من پێش تۆ ناکەوم. ناچار پێشم کەوت. گەیمە پەردە سوور، هەڵمدایەوە. کورسییەکی لێ داندرابوو؛ هیچی تر. مەلەک تاوسیشم نەدیت!

بردیانینە چەند زیارەتی تریش. دارتوویەکم دیت کە دەبوو ماچ کرێ. دار زۆر زل بوو، بەڵام لەو شوێنەی دەمی پیاو بیگاتێ، لە ناو قەددا، وا باریک ببوو کە نزیک بوو لەبەر بای بەهێز بشکێ؛ هەمووش لە لای جێ ددانان بوو. چەند نەمامە تووی دیکەشیان لە پەنا چەقاندبوو کە ئەگەر گەورەکە شکا، خەلیفەی ئەو بن. لەو مێرگۆڵەیەکدا ڕەنگە پێنج هەزار سینگۆڵکەی دار دە عەرز چەقێنرابێ. بەردێکیشمان ماچ کرد کە گۆیا شێخ هادی لە سەری دانیشتووە و تەیر و توور هاتوون لە سەر شانی هەڵنیشتوون.

ئەو ڕۆژەمان بە زیارەتانەوە ڕابوارد. پێش نوێژی ڕۆژی دواییش لە سەر کانی زەمزەم- کە زۆر فێنک بوو- چا و نانی نیوەرۆمان خوارد. ئەمەت لە بیر بێ کە خواردنی هەرە باش و ماقووڵ لە هەموو بادینان و جزیریش، ساوار و گۆشتە؛ برنج هیچ قەدری نەگیراوە. ژنەڕاڵ قازی- کە هەر خۆمانە بووین- گوتی: من هیچ بە دڵ ماچی مەرقەدانم نەکرد، بەڵام نەشدەکرا نەیکەم.

گوتم: جەناب وا دیارە منافقی. من لە تەهی دڵ ماچیشم کرد و چیش نەقەوما!

دەمەدەمی عەسر، حافز مستەفا قازی و من کەوتینە شوێن فەقیر شەمۆ؛ چووینە قەدی کێوی پشت مەرقەد. بۆ ئیستراحەت لە بەر سێبەرە دارێک دانیشتین. گوتم: فەقیر شەمۆ! من حەسرەتێکم لە دڵدایە: زۆر حەیفە ئەو هەموو عیلمەی دە سینگی جەنابت و بابەشێخ و بابی چاوێشدایە نەنووسرێتەوە و خوا نەخواستە کە ئێوە وەفات بفەرموون لەبەین بچێ.

حافز بەو قسە قۆڕە پێکەنینی هات. دەستی بە دەمیەوە گرت و گوتی: من دەچمە هۆو بن دارە، جغارە دەپێچمەوە؛ نەوەک ئێوە بە تووتن بپشمن. تۆزێکمان لێ دوور کەوتەوە کە ڕووشمان دەو نەبێ. فەرمووی: ڕاست دەکەی؛ بەڵام پیاو خراپان کار خراپ دەکەن. مەلا خەلیلێک هەیە لە شێخان، ئەو نامەردە چەند ساڵە هەواڵی بابەشێخە؛ کتێبێکی لەسەر ئێزدیان نووسیوە، هەمووی درۆ و بوختانە. نابێ کەس بینووسێتەوە.

- یانی باوەڕ بە منیش ناکەی؟

- چۆن باوەڕ بە تۆ ناکەم؟! هەر هەوالێن مە لە جزیرێ خەبەری تۆیان پێداوین کە چەند مرۆیەکی باشی. پێرێ کە دەهاتن چاومان لێتانەوە بوو. زیاد لە هەمووان تۆ قانوونی ئیزدیانت بەکار برد: شەکالی خۆت داکەند و بە پێخاوسی هاتی. زانیمان تۆ تمام لە خۆمانی و هاتینە پێشوازیت!

- بەڵێ ڕاستە لە خۆتانم؛ خوێندەواریشم؛ بەڵام هیچ لە ئۆلێ نازانم (ئۆل: دین). دەمەوێ چەند پرسیارێک بکەم، ناشینووسمەوە.

- بەڵێ سەر چاوا، بێژە!

- چیرۆکی ئەم خۆ پێخواس کردنە چییە؟

- مرۆیەک هەبوو ناوی مووسا بوو، تە ناس دکی؟!

- بەڵێ باشی دەناسم!

- مووسا ژ بیناهیا چاڤا پسیار کرد: خودێ! تە وێ کەنگێ بمری؟ چەند عەمرێ تەیە؟ بیناهیا چاڤا گۆت: مووسا! دەروێشەک ل گەلێ لالەش هەی، تنێ ئەو زانت چقاس عەمرێ من مایە؛ هەڕە ژی پرسە. مووسا هات خورجیک سەر ملێ وی بوو. گەها نک پلا سڵاتێ (پردی سیڕاتێ)، خورج ئێگر گرت. مووسا گۆت: خودێ چما ئێگر کەتە خورجێ من؟ خودێ گۆت: «خەلع حیزا!». نازانی یانی چی؟

- نەخێر.