تەشقەڵەی مامۆستایانی پارتی

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 3 دقیقه  662 مشاهده

ڕۆژێک دووبەدوو دەگەڵ زەبیحی چووینە حەمامۆک بۆ لای بارزانی. قسەکانی مەجلیسەکەم لە بیر نەماوە؛ بەڵام هەر لە دەوری کێشەی فکری مامۆستایانی پارتی و بارزانی دەگەڕا. زەبیحی گوتی: ئەگەر کەس لە دەوری بارزانی نەبێ، من تەنیا کەسێکم کە بە جێی نایەڵم. یان گوتی: ئەگەر بە تەنیا لەسەر بەدێک بمێنێتەوە، دەچمە تەنیشتی، چونکە دەزانم حەق بەوە.

ڕۆژێکی دی عەبدولحوسێن فەیلی و یەدوڵڵا فەیلی - کە هەردووک لە لێژنەی مەرکەزیدا بوون - لە حەمامۆک بە مەلا مستەفایان گوت: ئەمانە (مەنزووریان برایم و دەستە و بەستەی بوون) خەیانەت بە مەسەلەی کورد دەکەن. تۆ وەک سەردارێکی بە بڕشت محاکەمەیان بکە و شایەتی لە ئێمە و ئەوانەی وەک ئێمە شارەزا بخوازە. ئەگەر بە گوناهبار دەرچوون گوللەبارانیان کە! کە بە گوناهباریش دەردەچن.

من - کە نە پارتی و نە ڕەسمیەتێکم هەبوو - لە خۆمەوە هەڵمدایە:

- جەناب بە بیری کورتی من، دوور بە دوور یەکتر موتەهەم مەکەن! ڕاستە پرس و وەرامێک با لە ناوتاندا بێ. ئەگەر خەیانەت ناکەن خوا هەڵناگرێ بە خراپیان بزانی. ئەگەر خەیانەتیش بکەن با کۆمەڵی شایەت بزانن و لە ڕیز دەرکەون. لام وایە هیچ شۆڕشێک ئەگەر لە سەر زەویەکی سەخت و بە متمانە ڕانەوەستێ، بنی بۆش بێ، تێک دەڕووخێ.

بارزانی گوتی: بە قسەی هیچتان ناکەم. بیانکوژم دەبنە شەهیدی ئازادی و دەکرێنە پیاوی گەورە لە لای دڵپیسان. بەڵام لێم ڕوونە بۆ خۆیان ئابڕووی خۆیان دەبەن. من خۆیان تێ ناگەیەنم، چ دەکەن با بکەن.

لە بیرمە شەوێک «عومەر دەبابە» هات، چەمەدانێکی ڕەشی پێ بوو؛ دای بە مەلا مستەفا. دوای دوو ڕۆژیش گوتیان دوازدە تفەنگی بڕنۆی هێناوە. وەک من گوێبیست بوومەوە: حیزبی پارتی، بەبێ پرسی مەلا مستەفا، دەگەڵ ئێرانییەکان پەیوەندی گرتووە. عیسا پەژمانی ساواکی هاتۆتە لایان، بڕیاری داوە ئێران بە دزییەوە یاریدەیان بدا؛ بەو شەرتە بارزانی - کە دوژمنی سەرسەختی شا و کۆمۆنیستی مۆسکۆیە - لەناو خۆیان دەراوێن. پووڵ و تفەنگیان هێندێک وەرگرتووە.

بارزانی بەوەی زانیوە. بۆ ڕازی کردنی بارزانی هێندێک پووڵیان هێناوە و گوتوویان ئەمە بەشی تۆ بۆ لەشکرکێشی و ئێمە فێڵێکە لە ئێرانی دەکەین و هەر موخلیستین. کە بارزانی گوتوویە: تفەنگەکانتان چ لێ کردووە؟ چوون ئەو دوازدە تفەنگەشیان هێناوە.

وا دیار بوو ئێرانی لە عەقیدەی کۆمۆنیستیی پارتی ڕازییە؛ بەڵام لە بارزانی دەترسێ. چونکە پارتی برایم بەرنامەی حیزبەکەشی هەمووی بڕوا بە سیستمی مارکسی بوو. هەموو تەکیەشی لە سەر ئەوە دەکرد کە عەرەب برامانن و مۆسکۆش قیبلەمانە. ئەو هەموو چەکەی ڕووسیا کە بە دەستی عەرەب لە دەورانی قاسمدا لە کوردستان دەکار کرابوو، تۆزقاڵێک لە ئیمانی حیزبی کەم نەکردبوو.