کۆبوونەوەی کۆیە

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 5 دقیقه  777 مشاهده

قەرار درابوو هەموو حیزبی و لاگرانی شۆڕش - لە ئاغاوەت و ڕۆشنبیران - لە کۆیە کۆ بنەوە و لەسەر باسی حەقی کورد قسە بکەن و دەگەڵ دەوڵەتی کوودەتای بەعس بکەنە وتووێژ. چووینە کۆیە. مەلا مستەفا لە گوندی «تۆپزاوا» لە نزیک شار، مەنزڵی گرت. ڕۆژانە دەچووە سەر ئاوی حەمامۆک. ئەگەر کارێک هەبوایە دەهاتە ماڵی «کاکە زیاد» لە شار. ئێوارەیەک دەمدی مەلا مستەفا لەسەر کێوێکی ڕژدی کوڕی ڕۆژاوای حەمامۆکە. بە پێ وردەوردە پێ هەڵگەڕام.

کە سەرکەوتم، دیتمی؛ گوتی: خوا شوکور تۆ لە وەهاباغا زۆر باشتری، دیارە دەگەڵمان دەردەبەی!

لەشکر و میوان لە ماڵانی شار دامەزران. زەبیحی و من چووینە ماڵی مام قادری باغەوان؛ کە لەپێشدا لە مەهاباد ناوی سەیید حەمەقالە بوو. لە پاش زۆر حەبس و جزیاکێشان کەوتبووە کۆیە و باغەوانی کاکە زیادی دەکرد. تاهیر یەحیای سەرۆکوەزیر و کۆمەڵێک لە پیاوماقووڵانی بەعس بۆ وتووێژ هاتنە خەلەکان (ژیگەی ئیبنوخەلەکانی مێژوونووس). وتووێژ دامەزرا. بەر لە هەر شت گوتیان جێژنی نەورۆزتان بۆ دەکەینە قانوونی. گوتیان ئێوە واز لە خودموختاری بێنن، لامەرکەزیتان دەدەینێ. قسە زۆر هات و چوو؛ کە من هیچ ئاگاشم لێ نەبوو تا بڵێم چۆن بوو. حیزب قبووڵی کرد و قەرار درا بیخەنە بەر بیروڕای گشتی و کۆنگرە لە کۆیە تەشکیل بدەن. هاتینە «ڕانیە». نازانم چەند ڕۆژێک لەوێ ماینەوە، ئەوەندە دەزانم کێچ نەیدەهێشت بخەوین. کەوشە لاستیکەکانیشیان لێ دزیبووم! لە ڕانیەوە بەرەو کۆیە هاتین.

لە سابڵاغیش کە ناوم شاعیری میللی و لە نزیکانی پێشەوا بووم، لە پاشانیش هەتا ئێستاش، کەیفم بە دەعوەت کردنی سیاسی نەهاتووە و نایە. پیاوە دەوڵەمەندەکانی کۆیە دەعوەتیان دەکردم. دەیانگوت: چت پێ خۆشە بۆت لێ نێین؟

- دۆکڵیو! لە دۆکڵیو زیاتر ناخۆم!

خوا بتحەسێنێتەوە! تووڕە دەبوون و دەیانزانی چەند نانەجیبم! زۆربەیان وازیان لێ دێنام.

جەنگەی کەنگر و گیا بوو. بەیانییان مام قادر دەیگوت: دەچمە بازاڕ چ بکڕم؟

- کەنگر و ماست، گیادۆکڵیو!

ئەویش بە قەد منی حەز لێ دەکرد.

ڕۆژێ بە سەر جادەی کۆیە میرانی ساڵح بەگ - لە میرانی شەقڵاوە - بانگی کرد:

- هەژار وەرە! گەنجێک هاتییە دەرێ سابراغیمە. هیچ دە زمانی ناگەم. هەر دەرێ:

«مەزوورم! مەزوورم!»، ئەتۆ بزانە دەرێ چی؟

بەڵێ گەنج ناوی حەسەنە؛ برازای ئەحمەد تەوفیقە. لە مامی خۆی دەپرسی. خۆشناوێک و سابڵاغییەکی دەق نەشکاو، تێک نەگەیشتوون. حەسەن وشەی «مەنزوورم» بە کار دەبا، ئەو لای وایە مەزوورم دەبێ چ بێ!

لە کۆیە تۆپێنمان دەکرد؛ تۆپێکم لە پشتی مەسعوود بارزانی دا. بارزانییەک هات:

- چۆن تۆپ لە پشتی مەسعوود دەدەی؟

- کاکە ئەوە تەقڵەیە؛ ئاغا و نۆکەری تێدا نییە. لێدەدەم و چاتریش!

زۆری پێ سەیر بوو!

زەبیحی لەم بەینەدا بۆی گێڕامەوە کە ڕۆژی کوودەتای بەعس، پادگانی کەرکووک خەبەریان داوەتێ: بە تۆپ و تانک و هەموو چەکێکەوە دەبنە یاریکای شۆڕش و قبووڵ ناکەن ژێردەستی بەعس بن. بەڵام حیزب قبووڵی نەکردووە؛ گوتوویە: ئێمە لە حەبسدا قەول و قەراری خۆمان دەگەڵ بەعس بڕیوەتەوە؛ بە گژیاندا ناچین. جوابی پرسیارەکەم لە جەلال - کە لە بەغدا لێم کرد - دەست کەوت.

هاتوچۆی بارزانیش و کاک برایم ئەحمەدیشم دەکرد. ڕۆژێک یەکێک بە برایمی گوت: کابرایەک لە هەردووک لاقان سەقەت، بە سواری کەر لە دێهات چەرچییەتی دەکا. زۆرمان خەبەری زۆر گرینگ بۆ دێنێ؛ هیچیشی لە حیزب ناوێ. دەڵێ کاربەدەستان دەڵێن تۆ دەبێ حاشا بکەی لە حیزبی پارتی، دەنا ڕێگەی کاسبیت نادەین. دەڵێن چی بۆ مەسڵەحەت بنووسم من پارتی نییم؟

برایم گوتی: ئێوە پێتان چۆنە؟

- زۆرمان پێ خۆشە ئەو حاشا بکا، چونکە زۆر بەهرەی هەیە. بە قامکی شادەی ڕاسا: دەبێ ئەو سەگبابە ئیعدام کرێ!

- چۆن؟

- با بۆ مەسڵەحەتیش بێ سەر بۆ دوژمن نەوی دەکا!

جارێک دووبەدوو بووین. گوتم: برا حەیفە ئێوە دڵی بارزانی بشکێنن. هێز و هەیبەت و فەرماندەیی ئەو بۆیە نابێ بە کاری هیچوپووچ لە دەست خۆتان بدەن.

- وەک چی؟

- وەک ئەوە ئێوە دەچن لەبنەوە پووڵ دەدەن بە «عەبدولواحیدی حاجی مەلۆ» کە دەگەڵ خۆمان بە و لە بارزانی بتەکەوە. قوماربازی کۆیە هەر ئەو شەوە پووڵەکەی ئێوەی لێ دەبەنەوە و ئاشکرا دەبێت. وەک ئەوە کە «کەکۆ»ی بارزانی - کە مریدێکی گیانفیدای بارزانە - بانگ دەکەن، پێنجسەد دیناری دەدەنێ کە واز لە بارزانی بێنێ. کەکۆ پووڵەکە لەناو دەسڕەکەدا لە پێش بارزانی دادەنێ دەڵێ: ئەزبەنی ئەڤی دانە من، نزانم چەندە، دبێژن تە بمەڕا بە! بارزانی دەڵێ: بۆ خۆتی هەڵگرە. لەویش پیستر: شەللاتی سولەیمانی چەکداری ئێوە دەڵێن: منداڵێکی مێزەر سووری عەقراویمان بردۆتە حەمام؛ هەر چونکە وەک بارزانییان دەچێ...

برایم حاشای لەوانە کرد. بەڵام گوتی: بارزانی بۆتە چقڵی چاوی حیزب، کوێری کردووە. ئەگەر چقڵەکەش دەربخەین هەر کوێر دەبین.

- کاک برایم! ئەوانەی بۆم گێڕایەوە بارزانی هەمووی بیستوون. ئەگەر وەک دەفەرمووی ناتوانن خۆتان کوێر کەن، ئاگاتان لە خۆتان بێ...