بەشیر موشیر

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 2 دقیقه  1219 مشاهده

زۆڕ جار ناوی «بەشیر موشیر» دەبیەی! خراپ نییە بیناسی:

خەیاتێکی نەخوێندەوار، تەواو نەیدەتوانی ئیمزای خۆی بنووسێ، زۆڕ ساڵان لە لەشکری عوسمانیدا ئیستیوار بووە. جگە لە عەرەبی بەغدایی، ترکی و هێندێک هیندی دەزانی. مەقالە و کتێبنووسینی لێ ببوو بە نەخۆشی. هێندەیان بە گاڵتە پێ گوتبوو مامۆستا و باش دەنووسی، خۆی لە خۆی لێ گۆڕابوو. خەیاتییەکەی چووبوو. دووکانێکی هەبوو، ببووە کلوپ و باشگای ئەدیب و پیاوانی لە کارکەوتە. کێت بویستایە، لەوێت دەدیتەوە. بە یەکێکی دەگوت: تۆ فڵان شت بنووسە، من تەئلیفی دەکەم! تەنانەت جارێک شیعری منیشی تەئلیف کرد! ئەوی لە تەئلیفاتەکەی لە بیرم ماوە: فاڵنامەی ناپلیۆن کە دەیگوت: تەجرەبە بکەن! بۆ خۆم تەجرەبەم کردووە، دوو مانگ نەخۆش کەوتووم! دەیگوت: چوار هەزار ساڵ لەمەولەر شیعەیەک - ناوی ڕۆبین بوو - چنگێک برنجی لە چین دزی لە هەمەدان چاندی؛ برنجی ئێرانی لێ کەوتەوە!

نەخۆش بوو گوتی: ئەگەر مردم بمبەنەوە کوردستان. گوتیان شەڕە، ئەو کارە ناکرێ. گوتی: دەسا بە خوا من لە قەبرستانی بەغدا دەگەڵ ئەو عەرەبە سەگبابانەدا ناتوانم بژیم! کەچی چڵ ساڵ بوو لە بەغدا دەگەڵ عەرەب ژیابوو!

کتێب و ڕۆژنامەی کوردی دەفرۆشت؛ بەڵام ئەگەر خاوەنیان داوای پووڵەکەی بکردایە، جنێوی پێ دەدا؛ دەیگوت: جا وەرە بۆشی بفرۆشە! داوای پووڵیشم لێ دەکا؟! هەر چۆنێک بێ، ئەحمەقێکی خوێنشیرین بوو.

هەر لەو جۆرە شەخسیەتانەی کە لە بیر ناچن: مام حەکیم، پیرەمێردێکی تووتنفرۆشی کەرکووکی بوو. خۆی بە پێغەمبەر دەزانی. ساڵح ئەفەندییەکەی باسم کرد - جنێوی پێ دەدا؛ دەیگوت: ئەوە هیچ کە نەمکردۆتە پێغەمبەر، هەر مەخلووقی منیش نییە و ناشیناسم!