چەند نوکتەیەک لە مامۆستا تۆفیق وردی

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 3 دقیقه  770 مشاهده

وێکەوتم کێ ئەو بوختانەی نووسیوە. ساغم کردەوە کە مامۆستا تەوفیق وردی شاعیر بووە!

- کاکە وردی تۆ بۆ وات کردووە؟

قەدەرێ حاشای کرد: بەڵام شاهیدم بۆ پەیدا کرد کە لە وەختی نووسینیدا لەوێ بوون. گوتی: ڕاستت دەوێ گوتم ئەگەر هەژار ئابڕووی بچێ و سووک ببێ، من وەک شاعیری گەورەی کورد ناوبانگ پەیدا دەکەم!

بزەیەکم هاتێ. چونکە دەمناسی و دەمزانی عەقڵی تۆزێک پارسەنگی دەوێ. لێی خۆش بووم و بووینەوە برادەری جاران.

ڕۆژێک سەعات یەکی پاشنیوەڕۆ، وردی دەگەڵ لاوێکی کۆیی هاتنە ماڵ؛ بە سەر ناندا کەوتن. ماسی و برینجمان هەبوو. لای زۆر کەس گوتبووی: هەژار جاسووسی ئەمریکایە؛ دەنا چۆن وا بورژوازیانە دەژی هەموو ڕۆژ ماسی و برینج بخوا؟!

- هەتیو وردی! ئەم نەوارەت چۆن پڕ کردەوە؟

- بە خوا کاکە زۆرم خۆش دەوێی. گوتم ئەگەر بڵێم جاسووسە، خەبەری لێ نادەن و نایگرن. بە خەیاڵم پیاوەتیم دەگەڵ کردووی!

جا چونکە لە ڕووسیاوە بۆیان دەنووسی «پڕۆفسۆر وردی»، با چەند نوکتەیەکی لێ بگێڕمەوە:

* بەیتی سیامەند و خەجی نووسیبوو کە ئەمە لە ئەدەبیاتی ئەرمەنی وەرگیراوە. لۆمەم کرد:

- برا، سیامەند و خەج هەر دووک ناوی کوردانن. بەیتەکە سەتان ساڵە بە هی کورد ناسراوە؛ بە کرمانجی و سۆرانی هەیە. چۆن تۆ شتی وا دەکەی کە مامۆستایەکی کوردی؟

گوتی: دەسا بە حەقی خودا ئەو حیزبابە ئەرمەنییانە تەنیا پێنج دیناریان حەقی تەرجەمە داومێ. ئای لەو دەسبڕانە!

* لە کۆڵانێکدا ڕووبەڕووم دەهات و جنێوی دەدا.

- ها، خێرە؟

- کاکە! کتێبم بۆ دراساتی کوردی غەڵەتگیری کردووە؛ لە باتی شتێکم دەنێ، دەڵێن هەژدە دینار قەرزدار بووی! بزانە کارێکم بۆ ناکەی؟

کە پرسیم نیشانیان دام. هەر غەڵەتەی دەبوایە غەڵەتگیر ڕوبعە دینارێک جەریمە بدا. پاش حەقەکەی خۆی، ئەوەندەی دەکەوتە سەر. بە هەزار گیڕە مایەباشم کرد؛ هیچی ئەم و هیچی وان!

* ڕۆژێک گوتی: دوو دینارم بە قەرز بدەیە، دووسبەی دەتدەمەوە. چل و پێنج ڕۆژی پێ چووبوو. گوتیان وردی لێت دەپرسێ.

- ها؟

- کاکە! ئەو ڕۆژە کە پارەم لە تۆ وەرگرت، چوومە بنکەی چاپی فرانکڵین. گوتم: کارێکتان نییە بیکەم؟

- ناوت؟

- تەوفیق وردی.

- تۆ چل و دوو دینارت لامانە. ها وەریگرە!

ئەو سەگبابە ئەو پووڵەی لەپڕ دامێ، هۆشم لە خۆم بڕا؛ بە ناوەڕاستی خەیاباندا دەڕۆیشتم. ترومبیل خۆی لێ دام. لەو ساوە لە بیمارستان بووم!

* وردی لە دووکانی بەشیر موشیر گوتی: شیووعی و پارتی و دەوڵەت دەیانەوێ ترۆرم کەن! جەمال عارف - کە دوکتوری بەیتاڵ بوو - گوتی: وا بزانم تۆ جۆرێ نەخۆشیی ڕەوانیت هەیە؛ دەنا تۆ لە مەردەسەیەک فێرکاری و دیاری. دەتوانن پەیدات کەن.

گوتی: نەخێر من نەخۆش نییم. ئەوانە نەخۆشن کە مانگێ سەد دینار وەردەگرن و جاسووسن!

دوکتور جەمال گوتی: جارێ حقووقەکەم سەت و سی و دوو دینارە! نەخۆشییەکەی تۆش، من کە بەیتاڵم دەبێ قسەی لێ بکەم، نەک خۆت!