ناو فەقێ
وا دیارە بەشی قوتابخانە چوونم بە سەر چووبوو. بردیانمە حوجرەی مزگەوتی هەباساغا کە ببمە فەقێ. مامۆستاکەی منیان پێ سپارد، یەکێ بەرزەباڵای ڕیشپانی مووڕەش و چاوزەق و لووتبەرانی بوو کە بە «مەلا سەعیدە شێتە» مەنشوور بوو. یەکی تریش لای ئەوی دەخوێند: یەکی تۆپەڵەی گردەبنەی چاوزەردی گوێ تەشکەبەرە بوو بە ناوی «فەقێ بایز». بەر لە هەموو کاریک فێریان کردم کە چۆن ئێوارانە بە ماڵانەوە بگەڕێم و هاوار کەم: «نانی فەقێ ڕەحمەتی خواتان لێ بێ»! نانی گەڕەک بچنمەوە و بیهێنمەوە حوجرە. بە چەند ڕۆژێک شەرم کردن و مینگەمینگ، لەو سنحاتە جوانە ڕاهاتم! بڕیار درا دەرسی «گوڵستانی سەعدی» بە سایە بخوێنم؛ جا پاشان بگەڕێمەوە و بە ماناوە پێم بڵێن. قورعان خوێندنەکەشم ئەوە لە جێی خۆی؛ دەبێ هەر خەتمی کەم و زۆریشم ڕەوان بێ. مەلا سەعید هەر عەرەبی کتێبی دەزانی. تەنانەت نەیدەتوانی ناوی خۆی بەڕەوانی بنووسێ. مەشق و خەت و فارسی لە ملی فەقێ بایز بوو.