بەڵای گیانم: عەبدوڕڕەحمانی سۆفی مینە (زەبیحی)

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 1 دقیقه  1101 مشاهده

ڕۆژێک وەک بەڵای ناگەهانی منداڵێکیان هێنا حوجرە کە بە تەمەن لە من باوخۆشتر و بە باڵا لە من کورتەباڵاتر بوو. یەکێکی سووری چاوزیت، لێم بوو بە عیزراییل. دەبوایە ئەویش گوڵستان بخوێنێ. هەتیو ئەوەندە زیرەک بوو کە نەبێتەوە. من بە هەزار گێرە و نێرە دوو خەتم ڕەوان دەکرد، ئەو پەڕ و دوو پەڕی تێ دەپەڕاند. وەک ئاگری قودرەتی وابوو. جا وەرە زللە و چەپۆک بخۆ، کە بۆ ئەو هێندە و هێندەی ڕەوان کردووە و تۆ هەر منجە-منجت دێ؟! هەر لەبەر خۆمەوە لە خودا دەپاڕامەوە ئەو بەدفەڕە بمرێ و لە کۆڵ دنیا بێتەوە. ناوی ئەویش «عەبدوڕەحمان» کوڕی «سۆفی مینە»بوو؛ کە لە دواڕۆژدا بە ناوی «زەبیحی» ناسرا. زەبیحی وەک من فەقێی دایمی و ڕەسمی نەبوو؛ دەرسی دەخوێند و دەگەڕاوە ماڵە خۆی. وردە-وردە پێکەوە بووینە ئاشنا و لە دەرسی گوڵستان یاریدەی دەدام و ئەو ئاشنایەتییە پتر لە پەنجا سال دەوامی کرد و ئێستاش هەر دۆستمە.