خواستنی «مەعسووم» کچی «کا حەمەدی نۆبار»

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 3 دقیقه  959 مشاهده

لە پاش مردنی هەوەڵ ژنم هەر دەحەولدا بووم بە دڵی خۆم ژنێک بێنم. زۆر کیژ و بێوەژنیان بۆ دۆزیمەوە، بەڵام کەیفم نەیدەگرتن. ڕۆژێک میوانی ماڵێک بووم، خوشکێکی چکۆڵەی هێشتا کاڵی خانەخوێکەم زۆر دڵ گرتی؛ بەڵام هیچم نەدرکاند. دوایی بیستمەوە ئەو کیژە ئاشنای ماڵی قۆج بەگە و قۆج بەگیش ئاشنای قسەی قۆڕ و جەفەنگم بوو. خوازبێنیم لێ کرد و سەری گرت. «مەعسووم» کچی «کا حەمەی نۆبار»م لێ مارە کرا کە هێشتا تەمەنی لە چاردە ساڵاندا بوو. بۆ مخارجی بووک هێنان دامابووم. کابرایەک بە ناوی عەبدولکەریمی شەوکەت (کە بازرگانی کوتاڵ و دەوڵەمەند بوو، خەڵکیش بە سوت خۆریان باس دەکرد) پیاوەتی کرد و گوتی من قەرزت دەدەمێ و هەر گا بووت بمدەوە. توانیم ژن بگوێزمەوە، بەڵام تا بەخۆم زانی پتر لە سێ هەزار تمەن بە عەبدولکەریم قەرزدارم. ڕۆژێک لێی پرسیم: بۆ کاسبییەک ناکەی؟ گوتم: دەسمایە چۆن؟ گوتی: تۆ زۆر بە من قەرزداری، ها پێنجسەد تمەنی دیشت بدەمێ، یان گاڵ دێ یام پەمۆ. دەگەڵ کۆنە شەریکەکەم داممزراندەوە. تووتنی شینی خراپی دەکڕی، دەیکوتا و سەبیلەڕێژی دەکرد و بە عەجەمانی دەفرۆشت. بە نیوە قازانجەکەی وردە وردە دەبووژامەوە.

زستان بوو، ڕێگەوبان گیرابوو. ترسی عەجەمیش بۆ هاتنە کوردستان زۆر ببوو. ڕۆژێک حوسێن کە ناوی شەریکەکەم بوو هاتە لام. شڵەژابوو، لووتی ئارەقی کردبوو. گوتی: «ماڵمان خرابوو، تووتنی شینی زۆرم بە سەردا ماوەتەوە و مشتەری نایەن». چاری ناچار عەنبارێکمان بۆ تووتنە شین گرت و سەر لە بەری زستان و مانگێک بەهار لە ناهومێدیان سەرمان لێ نەدایەوە.

ڕۆژێک دیتم فەتحی بە هەڵەداوان هات و بزەی سمێڵی بوو. گوتی:  « لە سایەی دڵۆپەی زۆر و تەڕایی بنی عەنبار، تووتنەکەمان هەر چەند نیو گەزێک لە سەر و بنیەوە ڕزیوە، بۆتە زێڕی بێغەوش». تووتن بە دەرەجەی هەرە باڵا فرۆشرا و لەپڕ دەوڵەمەند بووین. هەر یەکی چوار هەزار و پێنجسەد تمەنمان پێگەیشت و هەر ئەو ڕۆژە قەرزی عەبدولکەریمم دایەوە و دەسمایەشم بۆ مایەوە.

هەر ئەو ساڵەش لە ئیدارەی تووتنی بۆکان بوومە عەنباردار مانگێ بە سەت و بیست تمەن، بەو شەرتەی دوو مانگ لە حقووقەکەم بۆ ئەو کەسە بەرتیل بێ کە دایمەزراندووم. تووتنیشم بە بەرەوە دەکڕی و دەفرۆشت. هێندێک شیعرم لە سەر تووتن دزین هەڵگێڕابوونەوە، هەرچی گووکارییەکی لە ئیدارەی تووتندا دەکرا، دەرمخستبوو. بازڕەسی گشتی لە تارانەوە هاتبوو، ناوی فەرهادی بوو. داوای ئەو شیعرانەی لێ کردم، دەگەڵ خۆی بردن. پاش ماوەیەک نامەیەکی مەجەللەی گاڵتەی بابا شەمەلم بۆ هات، دەڵێ ئەگەر بێیە تاران جێگەمان بۆ تۆ هەیە. دیارە من کە لە بنەوە «ژێ-ک» بووم نەدەچووم؛ بەڵام ڕەنگە ئەگەر ئەودەم لە سەر ئەم قسە قوڕانە ڕۆیشتبام، بمتوانیا ببم بە نووسەرێکی گاڵتەچی.