لەو دنیای زۆردار و بێزۆرەدا چۆن خۆمم پاراست

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 3 دقیقه  937 مشاهده

ئێمە لە تەرەغە ماڵە مەلایەکی بێ دەسەڵات بووین. بابم حورمەتی لە ناو خەڵکا زۆر بوو. دەوڵەتیش هەبوو. تا دنیا نەببووە پاشاگەردانی و خەڵک لە ئەمنیە دەترسان، ئێمەش توانیبوومان بمێنین. بەڵام باب مرد، شیرازەی دەوڵەتیش بە هاتنی ئینگلیس و ڕووس و ئەمریکایی بۆ ئێران لەبەر یەک هەڵوەشا و دنیا بوو بە زۆردار و بێ زۆر. هەر وا ئاغای زل بوو وەک نەهەنگ وردە ماسی قووت دەدا. قەباڵە نووسینی وەک قەدیم و پێش داهاتنی ئیدارەی سەبت زۆر وەباو کەوتبوو. ئەمما کوا ئەو میرزا فیلەتەنانەی کە دەیانزانی قەباڵەی مڵک بنوسن؟

من چووبووم عیباراتی قەباڵە کۆنێکم بە ڕەوانی لەبەر کردبوو. تەنیا ناوگۆڕینی دەویست تا ببێتە قەباڵەی حیسابی. بەو هۆیەوە منیش گەشەم کرد. لە هەر قەباڵەی موڵک کڕینێک –یان دەبێ بڵێم مڵک ساندنێک- لە لایەن حاجی بایزاغا و کوڕانیەوە، کە ئەوسا یەکەمین دەسەڵاتداری ناوچەکە بوون، من بە دەستەوە بووم و بوومە ئاشنایان. ئەم ئاشنایەتییە پاراستمی. جارێک ڕەشیداغای نۆبار، جارێک کوڕی عەلیاغا، جارێک حوسێناغای قاجر دەیانەویست ئەو دوو_سێ زەویەم لێ بستێنن، ماڵە حاجی بایزاغا لاگریان لێ دەکردم و ڕازی نەدەبوون ئاشنای قەباڵە نووسیان بەدەم گورگەوە بچێ.

لە تەرەغە کابرایەکی بەر پێی من چووبووە گوندێکی دیکە. شەو نیر و ئامووری لە مەزراکەیدا بڕابوونەوە. هەرچەند من ئاگام لەم کارەساتە نەبوو، بەڵام کابرا منی بە تاوانبار دەزانی. ڕۆژێک لە باراش هاڕین بە بارە ئاردەوە دەهاتمەوە، پیاوێکی ڕەفیقە ئاشێڕیشم دەگەڵ بوو. گەیشتینە ئەو گوندەی کابرای کۆنە ڕەعیەتی لێ بوو. لە ڕێ تووشی هاتین، غاری دا سەر گردێک و هاواری کرد: «وەرن تۆڵەم بکەونەوە». ئاغای گوند و نۆکەرێکی بە تفەنگەوە و بە سواری گەینە سەرمان:

- ڕووت بن دەنا کوژران!

ئاغا بە قونداغی تفەنگ ڕای هێشتە هاوڕێکەم، بەر لەوە لێی کەوێ تفەنگم گرت و ڕامتڵەکاند و بە دەستمەوە هات، چەخماخم لێ ڕاکێشا کە دەتکوژم. دایە باری باریک ڕستن و بارمان بردەوە و لە نزیک تەرەغە تفەنگەکەم داوە کە بە قسەی خۆی ئابڕووی نەچێ. بەو حاڵەش چوومە شیکایەتی ئەحمەداغای حاجی بایزاغا کە ئەویش لە بەهانەیەکی وا دەگەڕا. وابزانم ئەسپێکی لە ئاغا ئەستاند.

زۆر بەختەوەرم کە لە هاتوچۆ کردنی ئەحمەداغا لە قەرەگوێز، دەگەڵ سەید کاملی شاعیری هەرە باش و ئاغا قۆج بەگی قسەخۆشی بەناوبانگدا ڕامدەبوارد و یادی شیرینی ئەو ڕۆژانەم هەرگیز لە بیر ناچێتەوە.

هەر لەو دەمانەی لە تەرەغە دەژیاین، بە هەوای لاوەتی و کەللەپڕی بێ عەقڵانە جارێکی تریش لەگەڵ وردە مالکێکی ئامپاماندا لە سەر ئەوە بارم بەردی بە سەگی ئەو دادابوو شەڕ هەڵگیرسا. ئەو خزمی خۆی کۆ کردەوە و سەیدانی کولیجە کە ماڵە خاڵوانم بوون بە هاواری منەوە هاتن، کە چا بوو ئەویش بێ خوێن ڕژان داکوژا.