بارزانی

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 2 دقیقه  1091 مشاهده

دەمانبیستەوە کە لە کوردستانی عێراق مەلا مستەفا بارزانیشخص شۆڕشی کردووە و دەگەڵ عێراق و ئینگلیس شەڕیەتی. دوعای بەخێرمان دەکرد و بەدڵ دەگەڵی بووین.

میرحاجی دامەزرێنەری «ژێ-ک» و ئەفسەرێکی تر کە ناوی «مستەفا خۆشناوشخص» بوو، لە سوپای عێراق دەرچووبوون و چووبوونە لای بارزانی و لەوێوە بۆ پەیوەندی دەگەڵ ئێمە هاتبوونە سابڵاغ و تەواو دەگەڵیان مابەینم خۆش بوو. بەکورتی باسی شەڕەکەی بارزانی و ئینگلیس و عێراقم لە دوای چاپی دووهەمی شەرەفنامەدا نووسیوە.

پاییز بوو؛ باران دەباری. گوتیان بارزانییەکانی ئاوارە هاتوونە گوندی قونقەڵا لە نزیک سابڵاغ. بەپەلە دەگەڵ «حەمەی مەولوودە چرچ»دا بوو ترومبێلی باریمان خواستەوە و چرپی بڕاومان لە مێشەیەک لێ بار کرد و بۆ بارزانیمان برد. زۆری نەبرد بارزانی هاتنە شارەوە. خەڵکی سابڵاغ، ورد و درشت بۆ پێشوازییان دەرکەوتن. خۆراک، جلک و پێڵاو، لە هەموو ماڵانەوە باربوو دەهات. خۆم دیتم منداڵێک کە کۆمای جلکانی دیت، کەوشەکانی خۆی فڕێ دا و بە پێخاوسی ڕای کردەوە ماڵ. بارزانی، ئەوی چەکدار بوو لە سەربازخانە دامەزران، ماڵ و منداڵ و پاتاڵیش لە دێهات جێگەیان دانێ. بۆ یەکەم جار کە چاوم بە بارزانی کەوت زۆرم خۆش ویست. ئەویش لەسەر قسەی میرحاج و مستەفا خۆشناو کە باسی منیان بۆ کردبوو، زۆرم دەگەڵ ڕووخۆش و بە ئیلتیفات بوو. ئیتر ئەو خۆشەویستییە دەوامی کرد تا بارزانی چوونە وڵاتی ڕووسان و کە هاتیشنەوە عێراقێ تا بارزانی وەفاتی کرد هەر زۆر لوتفی دەگەڵما بوو.