حیزبی دیموکراتی کوردستان

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 5 دقیقه  1759 مشاهده

قازی و هەواڵانی کە لە دووهەم سەفەری باکۆ گەڕانەوە، ڕایانگەیاند: ڕووس لە ناوی «ژێ-ک» ڕازی نین؛ چونکە حیزبێکە بۆ ئازادی هەموو کوردستان تێدەکۆشێ و ئینگلیس و تورکان تووڕە دەکا. دەبێ ناوی خۆمان بنێین «حیزبی دیموکراتی کوردستان» و داوای خودموختاری لە ئێران بکەین. زۆرمان ئەو خەبەرە لەبەر گران هات، بەڵام چار چییە، قبووڵ کرا. من ئێستاش نەمتوانی ناوی «ژێ-ک» لەخۆم دوور کەمەوە و کارتی حیزبایەتی دیموکراتم هەر وەرنەگرت؛ بەڵام لە چالاکی ناو حیزب کورتم نەهێنا.

حیزبی دیموکرات لەسەر دار و پەردووی «ژێ-ک» دامەزرایەوە؛ بەڵام ئەوجار بە ئەشکرا کاری دەکرد. ئیتر ئەو هەیبەت و ناوی پاکەی کە لە «ژێ-ک»دا هەبوو، چونکە نهێنی بوو، زۆری لە کورتی دا. ئەندامی فێڵباز و بەرژەوەندی خوازی زۆری تێهات. زۆری نەبرد زانیمان کە «قاسماغای ئێلخانی» کە برایەکی حیزبی زۆر خۆشەویست بوو، لە پاش گەڕانەوەی لە باکۆ، چۆتە باشگای ئەفسەرانی تەورێز و بۆیان بۆتە جاسووس بەسەر حیزبەوە. ئەوە یەکەمین داوی خەیانەت بوو کە دە ناوماندا قەوما. ئیتر شیرازەی تەنزیم و تەکوزی پێشوو هەڵوەشا و خزمایەتی و ئاشنایەتی و خۆبەخۆیایەتی کەوتە ناومان و هەی لە وەی زرینگ بێ و خۆی وەپێش خا. لە گوناهی خەیانەت خۆش بوون و نەمانی زەبر و زەنگی زەمانی ترساندنی «ژێ-ک»، زۆر کەسی شێلگیر کرد کە خەیانەتیش بکەن و هەر لە ناوماندا بمێننەوە. ئێران و غەیرە ئێران دەیانتوانی نۆکەرانی خۆیانمان دەناو خزێنن. بە جارێک دەرگای حیزب کرابۆوە و هەر کەس دەهات بێ لێکۆڵینەوە قبووڵ دەکرا. قاسم ئاغا هەر بە برا مایەوە و زۆر ئاغایانی دیش هاتنەوە ناومان و بە دڵ لەگەڵ دوژمنان بوون.

ڕۆژێک پێشەوا قازی محەممەد لە مەجلیسێکدا گوتی:

- زۆرم پێ سەیرە، زۆر باسی نهێنی هەیە کە مخابەراتی ئینگلیس دسبەجێ دەیانزانی.

سەرم بردە بن گوێی، گوتم: شێخ مەعسووم خەبەریان پێدەدا.

گوتی: ڕاست دەکەی، من هەموو قسەی خۆم لای ئەو دەڵێم. بەڵام شێخ زۆری لاگیر لەناو شارستان و لادێدا پەیدا کردووە؛ چۆنی دەست بۆ بەرم؟...

گوتم: شێخ لە مزگەوتی بازاڕ دەیخوێند و مامی لە تاڵش بوو. ئامۆزایەکی بە ناوی نەسرەدین لە لا بوو. شێخ لە سابڵاغ خوێندنی تەواو کرد، ڕۆیشتەوە بیارە. دیسان گەڕایەوە سابڵاغ و دەستی بە خوێندن کردەوە. من بە خەیاڵ لام وا بوو پیاوی ئینگلیسانە و کاریان پێ سپاردووە؛ بەڵام دیسان تەواو لێم ڕوون نەبوو. زۆر ساڵ کەوتە نێوانەوە. لە بەغدا دووکاندار بووم، بەکێک هاتە لام گوتی:

-من لە زیندانی بەغدا دەگەڵ نەسرەدین ناوێک گیرابووم کە تۆی دەناسی و دەیگوت زۆر کوڕێکی ساویلکە و ئەحمەقە. بابم لە تاڵش و شێخ مەعسوومی ئامۆزام لە سابڵاغ جگە لە شێخایەتی و فەقێیەتی، کاری گرینگتریان لەسەر بوو. ئەمنیش گرووبان بووم لە لەشکری لیڤی ئیگلیسەکان. بۆ ماوەیەک مەئمووریەتیان دامێ چوومە سابڵاغ و سەقز و دەگەڵ بابیشم پەیوەندیم هەبوو. خۆم کردبووە فەقێیەکی زۆر بەدین، هەژار لای وابوو مەلائیکەتم!

ئەوسا زانیم کەر لەکوێ کەوتووە و کوندە لەکوێ دڕاوە. نەسرەدین بە گرووهبانی لە (دانکەرک) بە دیل گیرا و دەگەڵ دیلی ئەڵمانی ئاڵوگۆڕ کرا. لە پاش هەڵوەشانی لەشکری لیڤی، قەدەرێک لە ئێران لە تەرحی چواری ئەمریکایی کاری کرد و لەسەر ژن، پیاوێکی لە بیارە کوشت و لە زیندانی بەغداوە باسی ئەو ئەحمەقیەی منی کردبوو. شێخ مەعسووم لە سابڵاغ هەر مایەوە و دەوڵەمەند بوو. ژنی لە سابڵاغ بەسەر ژنی بیارە هێنا و بوو بە پیاوی ساواک و خاوەن زەوی و زار و زۆر بە دەستەڵات. بەڵام دیسان زۆر لە لاوانی دڵگەرم و پاک هەبوون کە ئاخیان بۆ ڕۆژگاری «ژێ-ک» هەڵدەکێشا و بەوپەڕی دڵپاکییەوە حەولی گەشەکردنی شۆڕشیان دەدا و هیچ سارد نەببوونەوە.

ڕۆژێک لە میاندواو لەبەر قاوەخانە لە سەر کورسییەک دانیشتبووم. کابرایەکی ئەرمەنی بە ناوی «ئارام کوردیان» هات بە تەنیشتم دانیشت. بەبێ ئەوە ڕوو بکاتە من لە بەر خۆیەوە گوتی:

-من ناتناسم؛ بەڵام ئەگەر تۆ هەژاری، هەڵێ. سێ برادەرت: زەبیحی، قاسمی قادری و دڵشاد و لە باڵانیش گیراون و ئێستا دەیانەوێ تۆ بگرن.

وای گوت و ڕۆیشت. جا وەرە هەڵێ، بە پێ تا تەویلە و میانە یەک بین ڕام کرد. دەستم لە کامیۆنێک هەڵێنا، گوتیان بچۆ سەر باری گێچ. بایەکی زۆر توند گێچی بە سەر و چاومدا دەدا. لە ڕێ ببوومە هەیکەلێ لە گێچ؛ هیچ کوێم بە دەرەوە نەما. جارێک تۆزێک خۆم تەکاند و چاوم هەڵێنا، ڕۆژ لە ئاوابووندا بوو، وەمزانی مانگە! دە ڕۆژیش هەر گێچم لە لووت و گەروو پاک دەکردەوە. (تاریخی ئەو ڕۆژە: -اوایل آبانماه ١٣٢٤- کە سەرتیپ زەنگەنە نووسیویە).